کێشەی ئاو و کارەبای چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێت


وێستگەنیوز-

لەسەر راسپاردەی رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکانی قەزای چەمچەماڵ دەستپێدەکەن، بەتایبەت لە کەرتەکانی ئاو و کارەبا و تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان.


ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، هەریەکە لە پەرلەمانتاران (ئازاد محەمەد، هەڵمەت هۆشیار و لاوێن شەهید ئەردەڵان) و ئاوات خەیروڵا وەک نوێنەری چالاکوانانی چەمچەماڵ، بۆ جاری دووەم سەردانی رەفعەت عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان کرد، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی قەزاکە بەوردی باسیان لە گرفتەکانی ئاو، کارەبا، رێگەوبان و پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە کرد، هاوکات راپۆرتی کۆی کێشەکان کە لەلایەن چالاکوانان و رێکخراوەکانی ناوچەکە ئامادەکرابوو، پێشکەش بە جێگری سەرۆکی یەکێتی کرا.

لای خۆیەوە، رەفعەت عەبدوڵا نووسینگەی قوباد تاڵەبانی راسپارد کە بەپەلە کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەو کێشانەی کە رووبەڕووی دانیشتووانی چەمچەماڵ بووەتەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەوڵدەدەن دۆخی ئاو و کارەبای قەزاکە باشتر بکەن، ئەوەش لە رێگەی دابینکردنی موزەخەی نوێ و زیادکردنی بڕی پێدانی ئاو بە هاوڵاتیان، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ خێراتر دەکرێن تاوەکو لە زووترین کاتدا بکەوێتە خزمەت خەڵکی ناوچەکە.


PM:12:06:24/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت