قائیمقامیەتی سلێمانی: گۆڕینی بتڵی غازی کۆن بۆ تازە بەخۆڕاییە
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی حوزەیرانی 2026، قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاوڵاتیان و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەسەر رێگریی لە وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک کردەوە لە بەرانبەر گۆڕینی بتڵەکاندا.
بەپێی راگەیەندراوێکی لیژنەی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی، هاوڵاتیان ئاگادار کراونەتەوە کە لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی بتڵی غازی کۆن بە بتڵی تازە، پێویست ناکات هیچ بڕە پارەیەک بە بریکارەکان بدەن و پڕۆسەکە بەبێ بەرانبەرە.
هاوکات، قائیمقامیەت هۆشداری توندی داوەتە سەرجەم بریکارەکانی دابەشکردنی غاز و رایگەیاندووە، کە نابێت لە بەرانبەر گۆڕینی بتڵەکان هیچ بڕە پارەیەک لە هاوڵاتیان وەربگیرێت، جەختیش کراوەتەوە کە هەر بریکارێک پابەندی رێنماییەکان نەبێت و پارەی زیادە وەربگرێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەکرێتەوە.
لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک یان هەبوونی سکاڵا، پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنی (07716963939) بکەن بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بەرانبەر سەرپێچیکاران بگیرێتە بەر.
AM:11:15:24/06/2026
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت