بەرەی گەل: داواکارین لە هەموو ویژدانێکی زیندوو لە عێراق و کوردستان بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە راگیراوانی لالەزار دەکرێت بێدەنگ نەبن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ 22ی حوزەیرانی 2026، لە راگەیەندراوێکدا بەرەی گەل رایگەیاند، "خەڵکی ئازیزی کوردستان، تەواوی حزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان، میدیاکار و رۆشنبیران و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نێردە دیبلۆماسیەکانی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ماوەی 10 مانگی تەواو بەسەر تاوانی پەلاماردانی لالەزاردا تێدەپەڕێت".


ئاماژە بەوەکراوە، "10 مانگ لەمەوبەر هێزە چەکدارەکانی یەکێتیی بە بڕیار و سەرپەرشتی سەرۆکی یەکێتیی پەلاماری مالی لاهوری شێخ جەنگی سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل و ئەندامی بالای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و ئەندامی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستانیان دا،دوای شەهید و بریندارکردنی چەند هەڤالێکمان، هەڤاڵ لاهور لەگەل ژمارەیەک هەڤالی تر دەست بەسەر کران".

بەرەی گەل دەڵێت، "دوای چەند مانگێک بەبێ رێکاری دادگایکردن ژمارەیەکیان ئازادکران، لە ئێستادا 27 هەڤالمان لە زیندانەکانی ئاسایشی سلێمانی و کۆماندۆی یەکێتیی بە دەست بەسەری ماون".

دەشڵێت، "ئەوەی جێگەی نیگەرانی و سەرنج و تێبینیە سستی کارەکانی دادگایە، بەداخەوە دادگای سلێمانی بووەتە بەشێک لە بەرنامە و سیناریۆ داڕێژراوەکانی لێپرسراوانی یەکێتیی، دادگا لە ڕێڕەوی سروشتی خۆی دەرچووە و ناگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوە سروشتیەکەی خۆی، بۆیە بەپێویستی دەزانین لێرەوە داوا لە ئەنجومەنی بالای دادوەری عێراق و ئەنجومەنی بالای دادوەری هەرێمی کوردستان بکەین بە حوکمی یاسا دەستوەردان لەم دۆسییەدا بکەن".


ئەوەشخراوەتەڕوو، "هیچی تر رێگەنەدەن دادگای سلێمانی دیزەبەدەرخۆنەی ئەم بابەتە بکات و خۆی لە بڕیارەکانی دادگای تەمیزی هەرێم بدزێتەوە، هەروەها سەرۆکی هەرێم لەبەردەم بەرپرسیاریەتێکی هەستیار دادەنێن کەوا تاکو ئێستا بەبچوکترین هەنگاو لەبەرامبەر ئەم کێشەیە هەلوێستی نەبووە وەک پارێزەری دەستوور و یاسا لەهەرێمی کوردستان".

لە کۆتایدا بەرەی گەل داوا دەکات لە هەموو ویژدانێکی زیندوو لە عێراق و کوردستان بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە راگیراوانی لالەزار دەکرێت بێدەنگ نەبن و بێنە دەنگ و هەلوێستی خۆیان دەرببڕن.بۆ ئەوەی مافی ماف خوراوان بدرێتەوە،، ئازادی بۆ هەڤال لاهور و تەواوی هەڤالەکانمان، بەرقەرار بوون بۆ سەروەری یاسا و دادپەروەری.


PM:06:04:22/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو