سروە محەمەد: کێشەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بە یەکجاری چارەسەر کرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، سروە محەمەد، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و ئابوری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کە توانیویانە کێشە یاسایی و داراییەکانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد بە یەکجاری چارەسەر بکەن، کە پێشتر ببووە بەربەست لەبەردەم کارەکانیان.


ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوە کرد، "بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بەدەست کێشەی جیاوازیی ساڵی داراییەوە دەیانناڵاند، بە جۆرێک حساباتی وردبینیکراوی کۆمپانیاکان بۆ ساڵی 2025 بوو، بەڵام کاتێک لە ساڵی 2026 خاوەن کۆمپانیاکان سەردانی بەغدایان دەکرد بۆ پێشکەشکردنی سەرمایەکەیان (رەئسمال)، مامەڵەکانیان رەتدەکرایەوە".

روونیشیکردەوە، ئەم بابەتە ببووە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم رێکارەکانی دانپێدانان و پەسەندکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە بەغداد، بۆیە داواکاریی خاوەن کۆمپانیاکانی گەیاندووەتە لای عامر سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و کێشەکە چارەسەر کراوە.

بە وتەی سروە محەمەد، بڕیار دراوە کە حساباتی ساڵی 2025ی هەرێمی کوردستان وەک خۆی کاری پێ بکرێت بۆ حساباتی بەغداد بۆ ساڵی 2026. بەمەش لەمەودوا هیچ کۆمپانیایەکی هەرێم لە کاتی تۆمارکردن و راییکردنی رێکارەکانی تایبەت بە سەرمایە لە بەغداد، رووبەڕووی هیچ گرفتێک نابێتەوە.


PM:03:29:21/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت