مەسرور بارزانی: هەمیشە ئامادەین لە رێگەی ئایین و خوداناسییەوە خزمەتی گەلی کورد بکەین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مەراسمێکی تایبەتدا بەردی بناغەی پڕۆژەی مزگەوتی گەورەی بارزانی لە شاری هەولێر دانا، سەرۆک وەزیران رایگەیاند، کە دروستکردنی ئەم مزگەوتە پێویستییەکی مێژوویی گرنگە و دەبێتە هێمایەک بۆ رەنگدانەوەی خوداناسی و مرۆڤدۆستی گەلی کورد.


مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەم شوێنە تەنها بۆ خوداناسی نییە، بەڵکو دەبێتە ناوەندێک بۆ خزمەتی ئایین، پێکەوەژیان و یادکردنەوەی قارەمانەکانی کورد، وتیشی: "هەمیشە ئامادەین لە رێگەی ئایین و خوداناسییەوە خزمەتی گەلی کورد بکەین".

ئەم پڕۆژەیە کە بیرۆکەکەی لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پێشکەش کراوە، لەژێر سەرپەرشتی خۆی و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە جێبەجێ دەکرێت، دیزاینی پڕۆژەکە لەلایەن تیمی گراف وەک تیمێکی خۆماڵی بە سەرۆکایەتی ئەندازیار گۆران رەشید فەتاح ئامادەکراوە، کە تێیدا تەلارسازی کوردی و شێوازی رەشماڵ و خێوەتی کوردی وەک بنەمای سەرەکی بەکارهێنراوە.

هەروەها پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا بونیاد دەنرێت و شەلالی دەستکرد کە بەرزییەکەی 48 مەترە و دەچێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکردەوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەناو باخچە و دارستانەکەیدا دەچێنرێت.


PM:03:17:21/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت