مامۆستایانی لادراو و گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دامەزراندنی هەمیشەیی


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د.توانا نەجەف، بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە.


لەبارەی ئەو پرسانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون شاباز ناسر، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئامانجی کۆبوونەوەکە خستنەڕووی ئەو گرفتانە بوو کە هەیە لەبەردەم دامەزراندنی مامۆستایانی لادراو و خۆبەخشان و بڕوانامە باڵاکان و بەهەمیشەیی بوونی گرێبەستەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە".

ئاماژەی بەوەکرد، "خاڵێکی تری کۆبوونەوەکە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و هەماهەنگی بوو بۆ گەیشتن بە مافەکانمان و بەدەست هێنانی پشکی کورد لە دامەزراندن و بەهەمیشەیی بوون کە ئێستا پرسێکی گرنگ و هەنوکەییە لە بەغدا".

شاباز ناسر وتی، "لای خۆیانەوە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقیش لە فراکسیۆنی یەکێتی پشتیوانی فراکسیۆنەکەیان بۆ دووپاتکردینەوە بۆ داکۆکیکردن لە بەدەست هێنانی مافەکانمان چ لە هەرێم بێت یاخود لە بەغدا".

وتیشی، "بەشێک لە تەوەرەکە پەیوەست بوو بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژی لادراوی پەروەردە و وانەبێژانی پاشکۆی خوێندنی باڵا کە جێی خۆیەتی مافی دامەزراندنیان بەشێوازی گرێبەست و بە دادپەروەری بۆ بگەڕێتەوە".

راشیگەیاند، "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لەوەکرا کە هەوڵی جدی بۆ بە هەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست و دامەزراندن دراوە و بە ئەگەرێکی زۆر ئەمساڵ بودجە ناچێتە ئەنجومەنی نوێنەران و دەرفەتی باشتر لەبەردەم هەرێم و لایەنەکان هەیە کە زیاتر رێکخستنەوەی ئەم پرسانە بکەن و ئامادەیی زیاتر بکەن بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی نوێدا جێگیری بکەن".


PM:06:33:20/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو