پارتی سەوزی کوردستان داوا دەکات نەمام جێگەی چەپکە گوڵ بگرێتەوە
وێستگهنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، پارتی سەوزی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازێکی نیشتمانی ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کولتووری سەوز و پاراستنی ژینگەی کوردستان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، پارتی سەوزی کوردستان داوا لە لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان و چالاکوانان دەکات، کە لە بۆنە و رێورەسمە فەرمییەکان و ساڵیادی دامەزراندنی حزب و رێکخراوەکاندا، لە بری بردنی گوڵ، دارێکی سنەوبەر یان هەر جۆرە نەمامێکی دیکە وەک دیاری پێشکەش بکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆنەکان ببنە هۆکارێک بۆ خزمەتکردنی ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە کوردستان، پارتی سەوزی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە خۆیان بۆ ماوەیەکی درێژە ئەم رەوشەیان کردووەتە بەشێک لە سیاسەتی کارکردنیان و لە زۆربەی بۆنە فەرمییەکاندا نەمامیان وەک دیاری بەکارهێناوە.
حزبەکە هیواخوازە ئەم رەهەندە ژینگەپارێزییە ببێتە نەریتێکی هاوبەش لەنێوان هەموو لایەنەکاندا، تاوەکو گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە جوانکاری دەوروبەری بارەگا و ئۆفیسەکاندا دروست ببێت و بەشێکی گرنگ لە سروشتی کوردستان بپارێزرێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسی و مەدەنییەکان کراوە بە دڵێکی فراوانەوە پێشوازی لەم بانگەوازە بکەن و بە کردار بەشداربن لە دروستکردنی کولتوورێکی نوێی ژینگەپارێزی لە هەرێمی کوردستاندا.
PM:01:42:20/06/2026
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت