هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر ڕەشنووسێکی هاوبەشی تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا رێککەوتن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026، شاندی تهكنیكی ههولێر و بهغدا کۆبوونەوە و گەیشتنە لێکتێگەیشتن و یاداشتێکی هاوبەشیان پەسەند کرد لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا، بڕیارە ڕەشنووسەکەی بۆ بڕیاری کۆتایی ئاراستەی ئەنجومەنی باڵای ئابووری عێراق و شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بکرێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرانی گومرگ، بازرگانی، باج، کشتوکاڵ و کوالێتی کۆنترۆڵی تێدابوو، توانییان هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی خاڵە ناکۆکەکان بنێن.
سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییە کە مامەڵەی کاغەز لە گومرگەکاندا ناهێڵێت و هەموو پرۆسەکانی وەرگرتنی ڕەسمی گومرگی و پشکنینی بارەکان بە شێوەی دیجیتاڵی ئەنجام دەدات، ئەم سیستمە ڕێگری لە خۆدزینەوە لە باج و گەندەڵی دەکات و داهاتەکان بە ڕوونی دەردەخات.
بە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە دەروازەکانی وەک ئیبراهیم خەلیل، باشماخ و پەروێزخان، حکومەتی ناوەندی دەتوانێت لە ڕێگەی سێرڤەرە ناوەندییەکانەوە چاودێری وردی جموجۆڵی بازرگانی و داهاتەکان بکات.
بریارە رێککەوتنەکە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق بە فەرمی پەسەند بکرێت، ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەش لەبارەی ئەسیکۆدا بەمشێوەیەیە:
1- هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێم لە سیستمی ئەسیکۆدادا.
2- راهێنان بە کارمەندانی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن گومرگی فیدراڵییەوە دەکرێت.
3- رێککەوتنەکە پاڵپشت بە بڕگەی مادەکانی 110، 112، 114 و 121 بڕگەی سێ لە دەستوور واژۆ کراوە.
4- یەکخستنی پێناسەی گومرگی لە سەرجەم دەروازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەر گۆڕانکارییەک بکرێت بە هاوبەشی دەبێت.
5- زمانی کوردی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد دەکرێت.
6- کۆپی پارێزراوی سیستمەکە (باکئەپ) بۆ هەموو عێراق لە فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی هەرێمی کوردستان دەبێت.
7- داننان بە ناوچە گومرگییە ئازادەکانی هەردوو حکومەت.
8- سەرجەم بەڵگەنامەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پرۆژەکان لە سیستەمی ئەسیکۆدا کاریان پێدەکرێت
9- سەبارەت بە بابەتی دەروازە نافەرمییەکان، لیژنەی هاوبەشی بۆ پێکدێت.
10- هیچ سانسۆرێک ناخرێتە سەر هیچ دەروازەیەک لە عێراق بەوانەی هەرێمیشەوە.
11- بابەتی داهاتی گومرگی و باج لە ئەنجومەنی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.
12- رۆژژمێری کشتوکاڵیی یەکگرتوو پەیڕەو دەکرێت پاڵپشت بە رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ.
13- لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لە ئەنجومەنی ئابووری یەکلا دەکرێتەوە.
14- پشکنینی کۆنتڕۆڵی جۆریی کالای هاوردەکراو لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو حکوومەتەوە کاری پێ دەکرێت.
15- مۆڵەتی هاوردە و هەناردەی کاڵای دەرچوو لە حکوومەتی هەرێم کاری پێ دەکرێت.
16- بەڵگەنامەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، دەرچوو لە تۆماری کۆمپانیاکانی هەرێم پەسەندە.
PM:05:51:18/06/2026
ئهم بابهته 312
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت