راوێژکارێکی ترەمپ پلانی ئەمریکا بۆ یەکخستنی لیبیا و گۆڕینی هاوکێشەی نەوت ئاشکرا دەکات
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026، مەسعد بۆڵس، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقی، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فاینانشال تایمزی راگەیاند، ئیدارەی نوێی ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەنجامدانی نێوەندگیری و رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات لە لیبیا لە نێوان هەردوو حکومەتە رکابەرەکەی رۆژهەڵات و رۆژئاوای ئەو وڵاتە.
راوێژکارەکەی ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، پلانی ویلایەتە یەکگرتووەکان پێکهێنانی حکومەتێکی یەکگرتوو و یەکخستنی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتە لەژێر یەک دەسەڵاتدا، وتیشی، "واشنتۆن هانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی ئەمریکی دەدات بۆ وەبەرهێنان لە لیبیا، پێشتریش کۆمپانیاکانی وەک کۆنۆکۆ فیلیپس و شیڤرۆن رێککەوتنیان لەو بوارەدا واژۆ کردووە".
بەپێی پێشبینییەکانی مەسعد بۆڵس، بەرهەمهێنانی نەوتی لیبیا لەوانەیە دوو هێندە زیاد بکات و تا کۆتایی ئەم دەیە بگاتە سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمەش لیبیا دەخاتە ریزی بەرهەمهێنەرە گەورەکانی نەوت لە جیهاندا.
سەبارەت بە هەوڵە سیاسییەکان، بۆڵس روونی کردەوە کە ئەم پلانە تەواوکەری هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، وەک رێکخستنێکی کورتخایەن دەبێت کە پێش هەڵبژاردنەکان دەکەوێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئاشکرای کرد کە چەند هەنگاوێک لە چوارچێوەی نەخشەی رێگا بۆ یەکخستنی لیبیا جێبەجێ کراون، لەوانە رێککەوتنی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکانی گەشەپێدانی روژهەڵات و روژئاوا، هاوکات جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەفریکۆم لەگەڵ هەردوو لایەنی لیبی لەسەر پلانێک بۆ یەکخستنی دامەزراوە سەربازییەکان بەردەوامن لە کارکردن.
PM:02:14:17/06/2026
ئهم بابهته 204
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت