نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ تۆم باراك و مه‌زڵوم عه‌بدی كۆبووه‌وه
وێستگه‌نیوز –
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) كۆبۆوه، پەرەپێدانی هاریكاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر و هێنانەدیی ئاسایش و ئارامییه‌كی جێگیر لە ناوچەکەدا تاووتوێ كران.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه كه پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم، پێشوازیی له تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا كرد و په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كران.
له راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاتووه كه "نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا پشتگیریی به‌هێزی وڵاته‌كه‌ی بۆ حكوومه‌تی نوێی عێراق دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی كۆنترۆڵكردنی چه‌ك له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه".
لای خۆیه‌وه، نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان له حكومه‌تی عه‌لی زه‌یدی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق، به‌تایبه‌تی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدراڵ، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، كرده‌وه.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه "هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگیی گۆڕینی شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق بۆ هاوبه‌شییه‌كی ئابووریی هاوسه‌نگ و درێژخایه‌ن، به شێوازێك كه خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌ردوولا بگه‌یه‌نێت".
راشگه‌یه‌ندراوه كه "دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو. تیایدا ستایشی ڕێككه‌وتنی نێوان ئه‌مریكا و ئێرانیان بۆ كۆتاییهێنان به شه‌ڕ كرد و هیوایان خواست ببێته هۆكاری هێنانه‌دیی ئاشتی و ئارامی له ناوچه‌كه‌دا".
دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه، نێچیرڤان بارزانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا و مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) ئه‌نجام دا و دوایین پێشهاته سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه و دۆخی سوریا و هاریكاریی كورد و دیمه‌شق تاووتوێ كران.
به‌گوێره‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختی له به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ كێشه‌كان له سوریا كرده‌وه.
لای خۆیه‌وه، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنی نێوان لایه‌نه‌كان و پاراستنی مافه‌كانی كورد و پێكهاته‌كان له سوریا رێگه‌یه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه. هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه هه‌موو هاوكاری و پشتگیرییه‌كی هه‌رێمی كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری نیشان دا.
راشگه‌یه‌ندراوه كه "په‌ره‌پێدانی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌ش له‌پێناو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر و هێنانه‌دیی ئاسایش و ئارامییه‌كی جێگیر له ناوچه‌كه‌دا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو".
PM:05:19:16/06/2026
ئه‌م بابه‌ته 348
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت