مەسرور بارزانی و تۆم باراک هاوڕان لە کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتیی باڵیۆز تۆم باراک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق و سوریا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا کرد.


بەپێی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا و سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاری و پشتیوانیی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.

تۆم باراک وێڕای ستایشکردنی کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا، کە دۆناڵد ترەمپ رێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی مەسعود بارزانی هەیە.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی بازرگانیی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان و چالاکی و بەشداریی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە بواری وزەدا.

هەردوولا جەختیان لە پێویستیی پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران عەلی ئەلزەیدی کردەوە لە پێناو گەشەپێدانی ئابووری و خزمەتکردنی گشت هاوڵاتی و پێکهاتەکانی عێراق بە یەکسانی و بێ جیاوازی، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور.

هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی لە نزیکترین کاتدا.


PM:02:29:16/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو