لە هەڵەبجە بۆنەیەکی جیهانیی گەورە بەڕێوەدەچێت
وێستگەنیوز-
سبەینێ شەممە 13ی حوزەیرانی 2026، پارێزگای هەڵەبجە دەبێتە سەکۆی بەڕێوەچوونی بۆنەیەکی گەورەی جیهانیی و ناوی دەچێتە ریزی ئەو وڵاتانەی کە بۆنەکە دەکەنە دەرفەتی گەشەسەندن و بوژانەوە لەبوارە جیاوازەکاندا.
سبەینێ شەممە بۆنەی تێدئێکسی جیهانیی بە ناوی تێدئێکس ئاشتی لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و رێکخەرانی بۆنەکەش دەڵێن ئامانجمانە جارێکی تر ناوی هەڵەبجە بخەینەوە سەر نەخشەی وڵاتانی جیهان بۆ بەڕێوەچوونی بۆنە جیهانییەکان و بە دونیا بڵێین گەنجانی هەڵەبجە خاوەنی داهێنان و چیرۆکەکانی سەرکەوتنن کە تەواوی دونیا چاوی لەو جۆرە چیرۆکانەیە.
هاوکار عزەت، ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبردن و وتەبێژی تێدئێکس ئاشتی بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند، "هەموو ئامادەکارییەکان کراون و بۆنەکە لە کاتی خۆیدا و سبەینێ شەممە لە هۆڵی روانگەی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوە دەچێت و ژمارەیەک کۆمپانیای هەڵەبجە و کوردستان پشتیوانی بۆنەکە دەکەن.
وتەبێژی تێدئێکس ئاشتی لەبارەی چالاکیەکانی بۆنەکەوە وتی، "لە تێدئێکس ئاشتیدا 13کەسی سەرکەوتوو لە بوارە جیاوازەکانی ئەکادیمی و ئابوری و داهێنان و زانستی و وەرزشی و ئیداریدا چیرۆکەکانیان دەگێرنەوە کە هەموویان چیرۆکانێکن پێویستە هەموو گەنجێک بیانبینێت و چاویان لێ بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئیلهام لە چیرۆکەکانەوە وەربگرێت و بیکاتە سەرمەشق بۆ سەرکەوتن و داهێنان، هەروەک چۆن لە دروشمەکەمان وتومانە (داهاتوو دەنوسینەوە)".
هاوکار عزەت لەبارەی میوانەکانی بۆنەکەوە ئاشکرای کرد، "گەنجان و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوەکان و دام و دەزگاکانی پارێزگای هەڵەبجە میوانی بۆنەکەن و هەموان پێکەوە بینەری چیرۆکە ئیلهام بەخشەکانی گەنجانی هەڵەبجە و کوردستان دەبن".
بە پێی ئەو ئامادەکارییانەی کە بۆ بۆنەکە کراون تێدئێکس ئاشتی بە پێی هەموو ستانداردە جیهانییەکان دەبێتە گەورەترین بۆنەی گەشەپێدانی گەنجان و داهێنان لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەڵەبجە، هەروەها ئەم بۆنەیە بڕیارە یەک رۆژ بخایەنێت.
PM:09:22:12/06/2026
ئهم بابهته 632
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت