پێشەوا هەورامانی: حکومەتی هەرێم ئاسانکاری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و رایگەیاند، "حکومەتی هەرێم هەموو ئاسانکارییەک دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و هاوکاری حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەکات بۆ سەرکەوتنی کارەکانی".
وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کە "دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، زەمینەیەکی باش بۆ چارەسەری کێشەکان رەخساوە، راشیگەیاند کە لیژنەیەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق پێکدەهێنن"، باسی لەوەش کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا 33 جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا نەوتییەکان داوای گەرەنتی بکەن.
پێشەوا هەورامانی روونیکردەوە کە فشارێکی زۆر لەسەر داهاتی ناوخۆ هەیە و 51 هەزار مووچەخۆر لە داهاتی ناوخۆ مووچە وەردەگرن، ئاماژەی بەوەشدا کە "بۆ مووچەی مانگی شەش، داهاتی ناوخۆ کەمترە لەو بڕەی کە بەغدا داوای دەکات، بەڵام جەختی کردەوە کە بەپێی رێژەی دانیشتووان داوای بودجە لە بەغدا دەکەن".
وتەبێژی حکومەت باسی لەوە کرد کە حکومەتی هەرێم دژی سیستەمی ئەسیکۆدا نییە، بەڵام جێبەجێکردنی کاتی زۆری دەوێت و شاندێک بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا دەکات، سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانیش وتی، "هاووڵاتییان لە پرۆژەی رووناکی رازین و گرانیی نرخی بەنزینیش کێشەیەکی کاتییە و چارەسەر دەکرێت".
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە هێزێکی دەستووری و یاساییە و بۆ هاوتاکردنی مووچەکانیان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ بەغدا، هەروەها داوای کرد هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگیرێن و وتی: "ئێمە بەشێک نین لە شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل".
لە کۆتاییدا پێشەوا هەورامانی، دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی ناوەستێت تا هەمووان زەوی وەردەگرن و سەبارەت بە پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی ناوخۆش ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی کێشەی داراییەوە دواکەوتووە بەڵام مافیان نافەوتێت، هەروەها داوای لە بەغدا کردووە ئەو غەدرەی لە رابردوودا لە دامەزراندنی خەڵکی هەرێم کراوە، دووبارە نەبێتەوە.
PM:01:57:10/06/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت