عەدنان فەیحان هۆشداری دەداتە حکومەت و داوای راگرتنی ناردنی پارە بۆ هەرێم دەکات
وێستگەنیوز -
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان بە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی راگەیاند، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ رەوانەکردنی پارە بۆ هەرێم رابگرێت تا یەکلاکردنەوەی دارایی بۆ ئەو بڕە پارانە دەکرێت کە تا ئێستا رادەست نەکراون، ئەمەش بەپێی یاسای بودجە و راپۆرتەکانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم. جەختیشی کردەوە کە هەر رێکارێک پێچەوانەی ئەمە بێت، حکومەت دەخاتە ژێر باری لێپرسینەوەی یاسایی لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.
عەدنان فەیحان دەڵێت، "حکومەتی پێشوو سەرپێچی یاسای بودجەی کردووە و پارەی مووچەی پێنج مانگی ساڵی 2025ی بۆ هەرێم ناردووە بەبێ ئەوەی داهاتە نەوتییەکان وەربگرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ساڵی 2026 ـدا ناردنی پارە بەبێ یەکلاکردنەوەی دارایی یان بەدواداچوونی پاکتاوکردن بەردەوامە، کە ئەمانە لە رووی یاساییەوە دەبێت پابەندبن.
بەپێی زانیارییەکانی جێگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێم بەپێی یاسای بودجە و رێککەوتنی ساڵی 2025، دەبوو مانگانە 391 ملیار دینار داهاتی نەوتی رادەست بکات، دواتر لە رێگەی لیژنەی وزارییەوە بڕەکە بۆ 200 ملیار دینار کەمکرایەوە، بەڵام هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەش نەبووە.
هەروەها روونی کردەوە کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی نوێ کە هەرێم پابەند دەکات بە پێدانی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتە نەوتییەکان و ساڵانە 10٪ زیادی بکات، کە بۆ ساڵی 2026 بڕەکە دەگاتە نزیکەی 132 ملیار دینار مانگانە، بەڵام لە ئێستادا هەرێم تەنها بڕی 40 بۆ 50 ملیار دینار رادەست دەکات، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئەو شایستانەی کە لە رێککەوتنەکان و راپۆرتە چاودێرییەکاندا دیاری کراوە.
لە کۆتاییدا عەدنان فیحان جەختی کردەوە کە پابەندبوون بە یاسای بودجە و راپۆرتە فەرمییەکانی دیوانی چاودێری دارایی، تەنها بنەمای یاساییە بۆ رێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بە جۆرێک کە پاراستنی ماڵی گشتی و مافی سەرجەم عێراقییەکان مسۆگەر بکات.
PM:02:59:08/06/2026
ئهم بابهته 648
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت