فۆرمی دامەزراندنی 250 کەس بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە راگەیەندرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووە، ئەنجومەنی راژەی گشتی، بە مەبەستی دامەزراندنی 250 کەس بەشێوەی گرێبەست لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لینکی فۆرمی داواکاری بڵاوکردەوە.


ئاماژە بەوەکراوە، پڕۆسەکە 32 پسپۆڕیی جیاواز دەگرێتەوە و لە 10ی حوزەیرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، هاوکات ئەنجومەنەکە چەند ڕێنماییەکی بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە و یەکخستنی بەڵگەنامەکان دیاری کردووە.

وەک فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی پێداوە، دوابەدواى ڕەزامەندىی سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بە نووسراویان ژمارە (12340) لە رێکەوتى 6/10/2025 و دیاریکردنى بوارى پسپۆریی پێویست لەلایەن پارێزگاى هەڵەبجە بە نووسراویان ژمارە (1/804) لە 30/3/2026 بۆ دامەزراندنى (250) کەس لە (32) پسپۆریی جیاواز لەسەر میلاکى گرێبەستى فەرمانگەکانى حکومەتى هەرێم لە سنوورى پارێزگاى ناوبراو، ئەنجومەنى راژەى گشتى لینکى فەرمى بۆ پڕکردنەوەى فۆرمى داواکارى دامەزراندن بڵاو دەکاتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لینکى ئاماژەپێدراو لە رێکەوتى 10/6/2026 کارا دەکرێت و بۆ ماوەى (14) رۆژ تا رێکەوتى 24/6/2026 کۆتایى دەوامى فەرمى بەردەست دەبێت.

بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کلیک لێرە بکە.

تێبینییەکان:

پڕکردنەوەى فۆرمى داواکارىی دامەزراندن لە لایەن پێشکەشکار تەنیا یەک جار و بۆ تەنیا یەک پسپۆرى دەبێت و هەر پێشکەشکارێک زیاتر لە یەک فۆرمى داواکارى رەوانە بکات، لە پێشبڕکێی دامەزراندن دوور دەخرێتەوە و داواکارییەکەى بۆ هیچ پسپۆرییەک وەرناگیرێت.

پێویستە پێشکەشکار ڕاستى و دروستى زانیارییەکانى هاتوو لە ناوەرۆکى فۆرمەکەى بۆ هەر بڕگەیەک بە وێنەیەکى بەڵگەنامەى ڕەسەن پشتڕاست بکاتەوە. بە پێچەوانە خاڵى ئەو بڕگەیەى بە بێ بوونى بەڵگە پڕ کراوەتەوە هەژمار ناکرێت.

پێویستە کۆى بەڵگەنامەکان پێکەوە لەناو تەنیا یەک فایلى (pdf) یەک بخرێت و قەبارەى فایلەکە لە (100) مێگابایت تێپەڕ نەکات.

پێویستە پێشکەشکار پێش ئەوەى کرتە لەسەر لینکى ناردنى کۆتایى فۆرمەکەى بکات، بەوردى پێداچوونەوە بە زانیارییەکان و بوونى بەڵگەکانى پێویست بکات.

فۆرمى دواکارى دواى ناردنى لە لایەن پێشکەشکار راستەوخۆ دەچێتە نێو کێبڕکێى دامەزراندن و هیچ بەڵگەنامە یان زانیارىی زیاتر لە پێشکەشکار وەرناگیرێت.


PM:02:44:08/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو