هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات: کۆماری ئیسلامی ئاگربەست بۆ پاکتاوکردنی نەیارانی بەکاردێنێت


وێستگەنیوز-

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕاگەیەنراوێکی فەرمییان لەبارەی سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان لە کوردستان و ئێران بڵاو کردەوە و رایدەگەیەنن کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی شاردنەوەی شکستە سیاسی، سەربازی و ئەمنییەکانی، هەڵمەتێکی نوێی لەسێدارەدانی دژ بە بەندکراوانی سیاسی بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی دەست پێ کردووە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "سەرکوت و لەسێدارەدانەکان لە ناوخۆ و بەردەوامیی مووشەکبارانی حیزبە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا پەرە دەستێنن کە ڕێژیم لە ململانێی نێودەوڵەتیی خۆیدا لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تووشی شکستی ستراتیژی و کەلێنی ئەمنیی قووڵ بووە، بۆیە پەنای بۆ قەیرانخوڵقاندن لە دەرەوە و قەڵتوبڕ لە ناوخۆ بردووە".

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان پێی وایە تۆمەتەکانی وەک 'سیخوڕی' یان 'شەڕی چەکداری' بێ بنەمان و تەنیا چەکێکی تۆڵەسەندنەوەن لە خەڵکی مافخواز. هەر بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، لەسێدارەدانی سەدان کەس تەنیا وەک پێشێلکاریی مافی مرۆڤ سەیر نەکات، بەڵکو وەک تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی بیناسێنێت.

هاوکات هۆشدارییان دا، کە هەر جۆرە دانوستانێک ڕێگە لەم لەسێدارەدانە هەڕەمەکییە نەگرێت، تەنیا تەمەنی ئێران درێژ دەکاتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، هاوپەیمانییەکە داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و حکومەتە دیموکراتەکان کرد، فشارەکانیان چڕ بکەنەوە و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕابگرن و پرسی سەرکوتی ناوخۆیی ببەنە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.



PM:10:52:01/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت