پۆلیسی هەولێر دەستی بەسەر دوو تۆن تەقەمەنیدا گرت


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند کە لە هەڵمەتێکدا لە ڕۆژانی جەژندا، توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر یاری ئاگرین و تەقەمەنیدا بگرن کە کێشەکەی زیاتر لە دوو تۆن بووە و بە نیاز بوون لە بازاڕەکاندا ساغ بکرێنەوە و ببنە هۆکاری شێواندنی ئارامیی هاوڵاتییان.

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەڵمەتە تەنها تایبەت نەبووە بە ڕۆژانی جەژن، بەڵکو مەفرەزەکانیان لە دوای جەژنیش بە بەردەوامی لەسەر شەقام و بازاڕەکان دەبن بۆ ڕێگریکردن لە فرۆشتنی ئەم مادانە.

هەروەها جەختیان کردەوە کە بەرامبەر بەو کەسانەی پابەندی ڕێنماییەکان نابن و بازرگانی بەم جۆرە تەقەمەنییانەوە دەکەن، ڕێکاری توندی یاسایی دەگیرێتەبەر.

بەپێی راگەیەنراوەکە، ئامانج لەم ڕێوشوێنە توندانەی پۆلیسی هەولێر پاراستنی سەلامەتیی گشتی و ڕێگریکردنە لەو دیاردە نادروستانەی کە دەبنە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و زیانگەیاندن بە منداڵان و مێرمنداڵان لە شارەکەدا.


PM:10:17:01/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت