عەزیز ئەحمەد: بە هەزاران خانەنشینی هێشتا ناوی خۆیان لە"هەژماری من" تۆمار نەکردووە
وێستگەنیوز-
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" رایگەیاند، "لیستی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 350,000 خانەنشین لەخۆدەگرێت، تائێستا زیاتر لە نیوەی ئەو خانەنشینانە مووچەکانیان بە دیجیتاڵی و لە ڕێگەی سیستەمی "هەژماری من"ەوە وەرگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆتاییهێنان بە راوەستانیان لە سەرە درێژەکاندا".
ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا نزیکەی 50,000 خانەنشین کارتە بانکییە چاپکراوەکانی خۆیان وەرنەگرتووەتەوە تا سیستەمەکەیان بگۆڕدرێت بۆ دیجیتاڵی، هاوکات هەزاران خانەنشینی دیکەش هەن کە هێشتا ناوی خۆیان لە سیستەمی "هەژماری من" تۆمار نەکردووە".
عەزیز ئەحمەد داوایکرد ئەو خانەنشینانەی هێشتا کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، بچن لە زووترین کاتدا بیبەنەوە، تاوەکو لە قەرەباڵغی، ماندووبوون و پشێوییەکانی بەردەم بانکەکان بەدوور بن و بتوانن بە شێوازێکی ئاسانتر مووچەکانیان پێبگات.
هەروەها داوای لە گەنجان و فەرمانبەرانی خانەنشینکراو کرد، هاوکاریی خانەنشینانی تەمەن گەورە بکەن بۆ تۆمارکردنی ناویان لە "هەژماری من" تا لە خزمەتگوزارییەکانی پارەدانی دیجیتاڵی سوودمەند ببن.
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دا کە تیمی "هەژماری من" لە نزیکەوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکارییەک لە دەرکردنی کارتە بانکییەکان، تەواوکردنی پرۆسەی تۆمارکردن و گواستنەوەی کۆتایی مووچەکان بۆ سەر سیستەمی پارەدانی دیجیتاڵی.
AM:11:29:01/06/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت