خشتەی دابەشکردنی موچەی مانگی ئایار بڵاوکرایەوە
وێستگەنیوز-
خشتەی دابەشکردنی موچەی
فەرمانبەرانی بۆ مانگی ئایاری 2026 بڵاوکرایەوە کە بەپێی خشتەکە دابەشکردنی موچە سێ
رۆژ دەخایەنێت.
بەپێی خشتەکە دابەشکردنی
موچە لە ئەمڕۆ 26ی ئایاری 2026 دەستپێدەکات، بەم شێوەیە: لە یەکەم رۆژی دابەشکردنی
موچەدا، ئەم شوێنانە موچە وەردەگرن: (خانەنشینان، زیندانیانی سیاسی و بەرکەوتووانی
کیمیاباران، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی
زانستی، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی تەندروستی)
رۆژی چوارشەممە 27ی
ئایار: لە دووەم رۆژی دابەشکردنی موچەدا، موچەی ئەم شوێنانە دابەش دەکرێت: (خاوەن
پێداویستیی تایبەت، مافی مرۆڤ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە،
دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و دیوانی چاودێریی
دارایی، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن،
دارایی و ئابووری، ناوخۆ، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی،
سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و
گەشتوگوزار، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و لاوان، کارەبا، وەزارەتی ئەوقاف
و کاروباری ئایینی، هێزی زێرەڤانی و فەرماندەیی بەرگریی فریاکەوتن، سەرۆکایەتیی پەرلەمان،
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی هەرێم)
رۆژی پێنجشەممە 28ی
ئایار: لە دوایین رۆژی دابەشکردنی موچەدا، ئەم شوێنانە موچەکانیان وەردەگرن: (وەزارەتی
پێشمەرگە "دیوان و لیواکان"، فەرماندەیی دەڤەری 1 و 2، بەڕێوەبەرایەتیی
پۆلیسی دامودەزگا نەوتییەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش و دەزگای ئاسایش).
بڵاوکردنەوەی خشتەی
دابەشکردنی موچەی مانگی ئایار لە کاتێکدایە کە ئەمرۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری
هەرێم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات وەزارەتی دارایی عێراق زیاتر لە هەشتا
ملیار دینار کەمتری لەکۆی تەمویلی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی
کوردستان ناردووە.
دەقی راگەیەنراوەکە:
ڕاگەیەنراوێک لە وەزارەتی
دارایی و ئابورییەوە
دوای ناردنی لیستی موچەی
مانگی ئایارو ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچونەوەی مانگی نیسان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق
لەکۆتایی هەفتەی ڕابردوو، لە پێناو ئەوەی هەرچی زووە موچەی مانگی ئایار بنێردرێت و
بەرلەجەژن دابەش بکرێت، سەرلەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٥ ئایاری ٢٠٢٦ ) وەک وەزارەتی
دارایی و ئابووری بڕی ( ٥٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) پەنجا ملیار دینارمان وەک نیوەی داهاتی
نانەوتی بۆ مانگی ئایار بەنوسراوی ژمارە ( ٥٤٧٧،٤،٧ ) کە لەڕۆژی (٢٤ ی ئایاری ٢٠٢٦
) واژۆ کراوە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بە ژمارە (
٧٠٠١٨ ) لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
کەئەوەش لە هیچ سیستەمێکی ژمێریاری دنیادا نەبووە هێشتا
مانگەکە شەش ڕۆژی ماوە بۆ کۆتایی بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوای نیوەی داهاتی
ئەو مانگە بکات، لەبەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ نەهێشتنی هیچ
بیانویەک ئامادەبوو ئەو بڕە داهاتە پێش وادەی خۆی ڕەوانە بکات.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕێوشوێن
و ڕێکارانە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی بڕی (
٩٧٠،٧٤١،٥١٤،٩١٤ ) نۆسەدو حەفتا ملیارو حەوت سەدو چل و یەک ملیۆن و پێنج سەدو
چواردە هەزارو نۆسەدو چواردە دینار، لەکاتی کۆتایهاتنی دەوامی فەڕمی بانکی ناوەندی
عێراق و لە کاتژمێر سێ ی دوانیوەڕۆ بڕی تەنها ( ٨٩٠،٥٠٢،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشت سەدو نەوەد
ملیارو پێنج سەدو دوو ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە گەیشتۆتە
سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، بەوەش دەردەکەوێت
کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ زیاتر لە ( ٨٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) هەشتا ملیار دینار
کەمتری لەکۆی تەمویلی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی
کوردستان ناردووە.
سەرەڕای نەبونی دەوامی
فەرمی و پشوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەپێناو هەرچی زوو دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران
و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی سەرجەم بانک و گەنجینەو بەڕێوبەرایەتیەکانی
ڕاسپاردووە کە دوای وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق
و گواستنەوە بۆ بانکە ئەهلیەکانی ناو پرۆژەی هەژماری من و پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان
هەر ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ دەست بەدابەشکردنی موچە دەکرێت.
دوای ڕاگەیاندنی لیستی
موچە کە هەر ئەمڕۆ بڵاو دەکرێتەوە و دەست بە دابەش کردنی موچە دەکرێت، لە ڕۆژانی جەژنیشدا
دابەشکردنی موچە لەدوای کاتژمێر ( ١٠ ) ی بەیانیەوە بەشێوەی کاش و لە ڕێگای هەژماری
من بەردەوام دەبێت.
بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی
پارە لە هەولێرەوە بۆ پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و شارو قەزاکان پێویستی باکەتە،
بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو موچەخۆرانە دەکەین کە لە خشتەی موچەدا موچەکانیان دەکەوێتە
ئەمرۆ کە بەشێوەی کاش موچە وەردەگرن لەکاتژمێر پێنجی ئێوارە بەدواوە سەردانی بانکەکان
بکەن و ئەو موچەخۆرانەشی لە ڕێی هەژماری منەوە موچە وەردەگرن لە کاتژمێر سێ بەدواوە
دەتوانن سەردانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ( ATM ) ەکان
بکەن و موچەکانیان ڕابکێشن، هەر فەرمانبەرو موچەخۆرێکیش نەتوانێت لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە
موچەکەی وەربگرێت دەتوانێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام موچەکەی
وەربگرێت.
تێبینی/ لە پێناو ئەوەی
بەرە جەژنانەو تا سەرجەم موچەخۆران بتوانن شایستەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و هیچ
موچە خۆرێک بێبەش نەبێت لەوەرگرتن و دواکەوتنی موچەکەی، وەک وەزارەتی دارایی بڕیارماندا
ئەو کورتهێنانەی بۆ موچە دروست بووە لەڕێی
وەرگرتنی قەرزەوە پڕ بکەینەوە.
هاوپێچ نوسراوی ژمارە
( ٥٤٧٧،٤،٧ ).
ڕاگەیاندنی وەزارەتی
دارایی و ئابووری
٢٦ ی ئایاری ٢٠٢٦
PM:01:26:26/05/2026
ئهم بابهته 4460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت