عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە
وێستگەنیوز-
دوێنێ شاندی ئیمرالیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم
پارتی) سەردانی گرتوخانەی دوورگەی ئیمرالییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
دواتر شاندەکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ناوەڕۆکی هەڵسەنگاندن و پەیامەکانی ئۆجەلانی
بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆمەڵگەی
تورکیا لە هەموو بوارەکانی وەک سیاسەت، ئابووری و یاسادا تووشی چەقبەستوویی بووە،
هەر بۆیەش ئەوان پێداگری لەسەر خێراکردنی پرۆسەی چاوپێکەوتنەکان دەکەن.
ناوبراو هۆشداریی دا لە گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و ڕایگەیاند، "دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت، ململانێی نێوان دەوڵەتانی
وەک ئیسرائیل و ئێران توندتر دەبێت و گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی تەسک زیان بە هەمووان
دەگەیەنێت. ئێمە دەمانەوێت ڕێگری لەم مەترسییانە بکەین، بۆیە کاتمان بۆ بەفیڕۆدان
نییە."
ئۆجەلان جەختی لەوەش کردەوە کە تەوەری سەرەکی بۆ سەرکەوتنی
ئەم هەوڵانە، دەرکردنی یاسای پێویستە لە پەرلەمانەوە، چونکە بە گوتەی ئەو
"چوارچێوەی یاسایی دەتوانێت ببێتە بنەمایەکی ڕاستەقینە بۆ بنیاتنانی دیموکراسی
و گەرەنتییکردنی پرۆسەکە."
هەروەها لە پەیامەکەیدا ڕەخنەی توندی لە هێرشکردنە سەر بارەگای
پارتە سیاسییەکان (هاوشێوەی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە) گرت و ئەوەی وەک پاشەکشەی
دیموکراسی لە قەڵەم دا.
لە
کۆتاییدا، ئۆجەلان داوای لە سەرجەم ڕۆشنبیران، نووسەران و لایەنە پێوەندیدارەکان
کرد کە پشتگیری لە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بکەن، بە
ئامانجی داڕشتنەوەی پەیوەندییەکی هاوچەرخ و ئاشتییانە لە نێوان کورد و تورکدا.
AM:11:58:25/05/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت