هۆشدارییەک بۆ ئەو کەسانەی لە جەژندا قوربانی دەکەن
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی ئایاری 2026، دەروێش فەرەج، ئەندامی لیژنەی باڵا و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری لە قایمقامییەتی سلێمانی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەهۆی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان بەدواداچوونەکانمان چڕکردووەتەوە و لیژنەکانمان لە بەدواچوون و کار و چالاکیدان بۆ رێگریکردن لە قوربانیکردن و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان".
ئاماژەی بەوەکرد، "هەر چوار رۆژ جەژن کوشتارگەی نوێی سلێمانی کراوە دەبێت و رێنمایی هاوڵاتییانمان کردووە لەپێناو سەلامەتی خۆیان لەوێ قوربانییەکانیان بکەن".
دەروێش فەرەج وتی، "لە کوشتارگەی نوێی سلێمانی پشکنین بۆ سەرجەم ئاژەڵەکان دەکرێت و دوای سەربڕینیش دەخرێتە ساردکەرەوە و بە ئۆتۆمبلێکی تایبەتی کە ساردکەرەوەی هەیە بۆیان دەهێنرێتەوە سلێمانی".
وتیشی، "شەش لیژنەمان هەیە کە تایبەتن بە کاری تەندروستی و ڤێتێرنەری و لیژنەکانی دیکەش سەرپشک کراون هەر کەسێک ببینن کاری سەربڕینی ئاژەڵ بکات لەسەر شەقامەکان ئاگادارمان بکەنەوە، هەروەها مەفرەزەکانی ئاسایشیش لەگەڵ لیژنەکاندا دەگەڕێن و هاوکاری لیژنەکان دەبەن".
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە، "هەرکەسێک سەرپێچی بکات و لەسەر شەقامەکان ئاژەڵ سەرببڕێت دەستبەسەر کەلوپەلەکانیدا دەگیرێت و خۆشی رووبەڕووی یاسای دەکرێتەوە".
AM:11:41:20/05/2026
ئهم بابهته 436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت