نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی پاپا لیۆی چواردەیەمی کرد بۆ هەرێمی کوردستان


وێستگەنیوز-

پێشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەلایەن قەداسەتی پاپا ليۆى چوارده‌، پاپای ڤاتیکانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.


سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستە سەر دۆخی پێکهاتەکان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و جەختی کردەوە کە مەسیحییەکان و سەرجەم پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان، بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاون لە مێژوو، کولتوور و ناسنامەی نيشتمانيى هەرێمی کوردستان و پێکەوە داهاتووی وڵات دادەڕێژن.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی قووڵی هەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ ڕۆڵی مەعنەوی و مێژوویيی ڤاتیکان لە برەودان بە گفتوگۆ و پێکەوەژیان لە جیهاندا دەربڕی، هه‌روه‌ها وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی سەردانە مێژوویيیەکەی پاپا فرانسیسی کۆچکردوو، بانگهێشتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی قەداسەتی پاپا لیۆی چواردە کرد بۆ سەردانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لای خۆیەوە، قەداسەتی پاپا خۆشحاڵیی خۆی بەم دیدارە دەربڕی و ستایشی قووڵی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنى لە هەرێمی کوردستان و عێراق كرد. هه‌روه‌ها ڕۆڵى هەرێمی کوردستانی لە داڵدەدان، پاراستن و دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان و مەسیحییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا، به‌رز نرخاند.

لە تەوەرێکی ديكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتیی ناوچەکە تاوتوێ کرا و هه‌ردوولا هیوایان خواست کە ئاشتی، سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی بێتە دی.


PM:01:11:18/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 36 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت