وێستگەنیوز وردەکاری دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتوو بۆ لایەنەکانی دەسەڵات دەخاتەڕوو
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئایاری 2026، د. فاتیح سەنگاوی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سەردانی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوویی ئیسلامیی کوردستان بۆلای یەکێتی و پارتی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەم هەنگاوەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دوای راوێژکردن بە مەکتەبی سیاسی، چونکە هەر کەسێک لەم واقیعەدا بژی دەزانێت دۆخەکە گەیشتووە بە بن بەست".
ئاماژەی بەوەکرد، "وەکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی سیاسی بە جوانترین شێوە یەکگرتوو و ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو هاتوونەتە مەیدان، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە پڕ قەیران و مەنگە بشڵەقێنن و بەرەو پێشچوونێک بەدی بهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستا سەڵاحەدین دەستی بەسەردانەکانی کردووە بۆ لای پارتی و یەکێتی کە لایەنی دەسەڵاتدارن".
د.فاتیح سەنگاوی وتی، "ئەم هەنگاوە لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبەوەیە لەپێناو پرسێکی نەتەوەییە، چونکە بەردەوام بوونی ئەم دۆخە مەترسی گەورە دروستدەکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان".
دوێنێ یەکشەممە 17ی ئایاری 2026، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو سەردانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانییی کورستانی کرد و بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لەو دیدارەدا، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو "دەستپێشخەرییەکی نیشتمانی و گشتگیری بە ئامانجی دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە چەقبەستووەی ئێستا و رەخساندنی زەمینەی تەبایی و گفتوگۆ پێشکەشی سەرۆکی یەکێتی کرد".
هەروەها بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، "وەک یەکەم کاردانەوەی ئەرێنی و فەرمی بۆ بەدەمەوەچوونی پەیامەکەی مامۆستا سەڵاحەدین، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دا کە تەواوی دەزگا میدیاییەکانی یەکێتی پابەند بکرێن بە هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و راگرتنی هەر هێرش و شەڕێکی راگەیاندن کە زیان بە تەبایی سیاسی دەگەیەنێت".
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو ئەوەشی خستەڕوو، "بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە شاندەکەی یەکگرتوو سەردانی پارتی بکات بۆ هەمان مەبەست".
لەبارەی ناوەڕۆکی پەیامی یەکگرتوو بۆ لایەنەکانی دەسەڵات ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، "ناوەڕۆکی پەیامەکە بریتیە لە کۆتایی هێنان بەم دۆخە چەق بەستووییە و کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتە".
وتیشی، "هەوڵە سیاسییەکان لەئێستادا بۆ باشترکردنی دۆخەکە گرنگترە، چونکە وەک دەزانین کێشەکان کێشەی سیاسی و حزبین".
د.فاتیح سەنگاوی راشیگەیاند، "دەبێت هەردوو حزبی دەسەڵات لە شکاندنی بایکۆتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەرگاکان بکەنەوە، هەوڵەکانی یەکگرتووش بۆ ئەمەیە ئیتر هەوڵەکان سەردەگرن یان نا گرنگ ئەوەیە یەکگرتوو بەبێ هیچ بەرژەوەندییەک و لەپێناو خەڵکی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە هەستاوە".
لە کۆتایشدا د.فاتیح سەنگاوی هیوای خواست هەنگاوەکانی یەکگرتوو سەرکەوتووبێت و لایەنەکانی دەسەڵات بەدەم دەستپێشخەرییەکەی یەکگرتووە بێن و هەرێمی کوردستان لە چەقبەستووی رزگاربکەن.
PM:12:03:18/05/2026
ئهم بابهته 808
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت