ئەمڕۆ دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج بەڕێوە دەچێت


 

وێستگەنیوز-

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ی ئایاری 2026، دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج ناسراو بە "جەلادی ئەنفالکراوان" لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

لەوبارەیەوە ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسییەی عەجاج بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "کاتژمێر 10:00ی پێنجشەممە دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رەسافە بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دانیشتنی یەکەمی دادگادا کە رۆژی 7ی ئایاری 2026، بەڕێوەچوو سکاڵاکاران وتەیان لێوەرگیرا و بەشێوەیەکی زۆرباش وتەی خۆیان بە دادگا دا، وتەی سکاڵاکاران بۆ دادگای سەلماند کە عەجاج تاوانەکانی کوشتن، ئەشکەنجەدان، برسیکردن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان ئەنجام داوە".

بە پێی وتەکانی ئەیاد کاکەیی، ئەمڕۆ دادگا وتەی عەجاج وەردەگرێت و ئەگەری زۆرە هەر ئەمڕۆ کۆتایی بە دادگاییکردنەکە بهێنێت و بڕیاری کۆتایی خۆی رابگەیەنێت.

رۆژی 31ی تەموزی 2025 دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیەندرا کە بە "جەلادی ئەنفالکراوان" ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەنا، لەو کاتەی کە بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بووە.


 


AM:08:32:14/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت