ئامادەکاریی بۆ بەرەوڕوبوونەوە لەگەڵ تای خوێنبەربوون دەکرێت


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاشکرایدەکات کە ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون چڕکراونەتەوە و بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ کڕینی دەرمان تەرخانکراوە.

رۆژی چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، رابەر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ لە لیدوانێکی میدیاییدا راگەیاند، "ئەم ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 100 ملیۆن دیناری بۆ هەر یەک لە ئیدارە سەربەخۆکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە بۆ کڕینی دەرمان. پارەکەش راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکان بۆ ئەوەی پرۆسەی کڕینی دەرمانەکان دوانەکەوێ."

لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری گوتی: "بەشێکی شۆردن و دەرزی لێدانی ئاژەڵەکانمان لە مانگی رابردووەوە دەستپێکردووە و بەردەوام دەبین تاوەکو هەموو ئاژەڵەکان دەشۆردرێن، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون زیاتر دەبێت."

بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری دڵنیایی دایە هاونیشتمانییان و گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوونێک لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەم رێکارانە وەک ئامادەکاریی پێشوەختەن."

بە پێی ئامارەکان، پار 11 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی تای خوێنبەربوون بوون: 3 کەس لە هەولێر، 2 لە سلێمانی و 6 کەس لە دهۆک کە 3ـیان گیانیان لەدەستدا. هەروەها لە کەرکووکیش 5 کەس تووشی پەتاکە بوون و 4 کەسیان گیانیان لەدەستدا.

تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنە (قڕنە)وە بۆ ئاژەڵ دەگوازرێتەوە.

نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.


AM:10:49:13/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت