سەفین دزەیی: لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 850 مووشەک و درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کراون
وێستگەنیوز-
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 850 مووشەک و درۆن ئاراستەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کراون، ئاماژە بەوەشدەکات، هەرێم دژی شەفافییەت نییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئایاری 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی کوردستان 24 رایگەیاند، "لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 850 مووشەک و درۆن ئاراستەی ژێرخانی ئابووری و خەڵکی مەدەنی هەرێم کراون، لەکاتێکدا هەرێم بەشێک نییە لە گرژییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ناڕەزایەتی فەرمییان گەیاندووەتە کونسوڵخانەکانی ئێران لەبارەی هێرشەکان و ئەو پڕوپاگەندانەی دەکرێن".
سەفین دزەیی وتی، "لە سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و کەرکوک لە رێگەی بەندەری جەیهان کراوە، هەروەها بارودۆخی ئێستا و نەهامەتی رووداوەکانی ناوچەکە زۆر بەوردی قسەی لەسەر کرا و بۆچوونی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا، بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا لە سەر پێشهاتەکان و لەسەر ئەوهەوڵانەی کە لە ئارادایە بە مەبەستی گەڕانەوەی سەقامگیر و کۆتایی هاتنی جەنگ".
وتیشی، "ئەردۆغان بەهۆی رێز و دۆستایەتییەکی قووڵەوە، پڕۆتۆکۆڵی شکاندووە و تا حەوشەی نووسینگەکەی ماڵاوایی لە مەسروور بارزانی کردووە".
سەبارەت بە سیستەمی (ئەسیکۆدا) سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەدا، "هەرێم دژی شەفافییەت نییە، بەڵام بەغدا بە پەلە و بەبێ تێگەیشتن فەرزی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی کاڵاکان و گرانبوونی نرخ لەسەر هاوڵاتییان".
PM:02:11:12/05/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت