مستەفا قەرەسوو: ئێمە 50 ساڵە ئاپۆچین و ئێستاش هەر ئاپۆچین


وێستگەنیوز-

ئەندامێكی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی ئاشتی بەهۆی هەڵوێستی حکومەتی تورکیاوە گەیشتوەتە بنبەست. دەشڵێت؛ ئێمە 50 ساڵە ئاپۆچین و ئێستاش هەر ئاپۆچین.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەچاوپێكەوتنێكدا باس لەدوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی و بارودۆخی ناوچەکە دەكات و دەڵێت،" ئەو دەستپێشخەرییەی لە 27ی شوباتی 2025ـەوە لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلانەوە دەستیپێکردوە، بەهۆی هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاوە بەرەو پێش نەچوەو وتیشی، "دەوڵەت باخچەلی قسەی باش دەکات، بەڵام ئەردۆغان و حکومەت هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانێن".

سەبارەت بەپرسی چەکدانان، ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی، "ئێمە لەشاخین و بۆ پاراستنی خۆمان چەکمان پێیە، کۆتاییمان بەشەڕ دژ بەتورکیا هێناوە، بەڵام دەبێت زەوینەی دیموکراسی و یاسایی بێتە کایەوە".

قەرەسوو پێیوایە، دەبێت ستاتۆی یاسایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕون بکرێتەوەو وەک موخاتەبێکی فەرمی بناسرێت، هەروەها رێگەی پێ بدرێت بەئازادانە لەگەڵ میدیاکان و لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.

لەبارەی تێکەڵبونەوە، کە ئۆجەلان باسی کردوە، قەرەسوو ڕونیکردەوە، "مەبەست لێی توانەوەی کورد نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بەو دابڕانە 100 ساڵەی بەهۆی نکۆڵیکردن لەکورد دروستبوە. ئەمەش تەنیا بەناسینی ناسنامە، زمان و خۆبەڕێوەبەریی کورد لەدەستوردا دەکرێت."

قەرەسوو بەتوندی هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی حکومەتی سوریا لەناوچە کوردییەکان و لادانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆ فەرمییەکان بەعەقڵییەتی جینۆساید ناوبرد. داواشی لەگەلی کورد کرد لەو ناوچانە راپەڕن و خاوەندارێتی لەشوناسی خۆیان بکەن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دیمەشق لاسایی سیاسەتە کۆنەکانی تورکیا دەکاتەوە.

لەوەڵامی ئەو دەنگۆیانەی باس لەگۆڕینی ناوی پەکەکە بۆ بزوتنەوەی ئاپۆیی دەکەن، قەرەسوو وتویەتی، "هیچ رێکخراوێکی نوێ دانەمەزراوە. ئێمە لەیەکەم ڕۆژی دەرکەوتنمانەوە وەک ئاپۆیییەکان ناسراوین و شانازیی پێوە دەکەین. ئەم دەنگۆیانە تەنیا پڕوپاگەندەی نەیارانی پرۆسەکەن، ئێمە 50 ساڵە ئاپۆچین و ئێستاش هەر ئاپۆچین".


AM:11:47:12/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو