لە ئۆکرانیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا نزیکەی هه‌زار و 100 سەربازی ڕووسی کوژراو و برینداربوون


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، 9ی ئایاری 2026، سوپای ئۆکرانیا ڕایگەیاند ژمارەی کوژراو و بریندارانی سەربازانی ڕووسیا، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە 24ی شوباتی 2022ەوە، تا ئێستا، گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و 340 هەزار و 270 کەس؛ لەو ژمارەیەش نزیکەی 1080 سەربازیان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا کوژراون یان بریندار بوون.


ئەو ئامارانە لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و ئاژانسی هەواڵی نیشتمانیی ئۆکرانیا "یوکرینفۆرم" ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

بەپێی بەیاننامەکە، هێزەکانی ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەوە، ئەم زیانە ماددیانەیان بە ڕووسیا گەیاندووە، تێكشكاندنی:

11 هه‌زار و 920 تانك، 24 هه‌زار و 541 ئۆتۆمۆبێلی جه‌نگی زرێپۆش، 41 هه‌زار و 712 سیستمی تۆپخانه‌، هه‌زار و 780 سیستمی مووشه‌كهاوێژ/ راجیمه‌، هه‌زار و 371 سیستمی به‌رگری ئاسمانی.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە هه‌ر لەو ماوەیەدا 435 فڕۆکەی جەنگی، 352 هێلیکۆپتەر، هه‌زار و 351 سیستمی به‌رگریی زەمینی، 281 هه‌زار و 208 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، 4 هه‌زار و 585 مووشەکی کرووز، 33 کەشتیی جەنگی، 2 ژێردەریایی، 95 هه‌زار و 252 ئۆتۆمۆبێل و تانكه‌ری سووته‌مه‌نی تێكشكێنراون.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، ڤلۆدیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ئەمڕۆ شەممە، 9ی ئایاری 2026، لە وتارێکدا لە کاتی ئامادەبوونی لە نمایشی سەربازیی گۆڕەپانی سوور، بە بۆنەی "ڕۆژی سەرکەوتن" ڕایگەیاند، سەربازەکانی لە ئۆکرانیا دژی "هێزێکی دەستدرێژکار" دەجەنگن کە لەلایەن تەواوی هاوپەیمانی ناتۆوە پشتگیری دەکرێت.

ئەم یادە، ئەم ساڵ بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە، ڕێوڕەسمەکانی کەمکرابوونەوە، هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستێکی کاتیی سێ ڕۆژە کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوه‌ ڕاگەیەندرا و مۆسکۆ و کیێڤ ڕەزامەندییان لەسەر نیشان دا.

ترەمپ لە هەژماری خۆی لە "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "هیوادارین ئەمە ببێتە سەرەتای کۆتاییهێنان بە جەنگێکی درێژخایەن و خوێناوی و دڕندانە".

ئاماژەی بەوەش کردووە ئاگربەستەکە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی هەزار دیل، لە هەر لایەک، له‌خۆده‌گرێت.

لای خۆشیەوە، ڤلۆدیمێر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند فەرمانی بە سوپا کردووە، لە کاتی نمایشە سەربازییەکەدا گۆڕەپانی سوور لە مۆسکۆ نەکەنە ئامانج.

هەروەها لە بەیاننامەیەکی جیاوازدا جەختی له‌وه‌ کردەوە حکومەتەکەی، بۆ ئاسانکاریی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان، پابەندی ئاگربەستەکە دەبێت.


PM:06:43:09/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو