ئیدارەی ترەمپ نەخشەی "تیرۆر" دادەڕێژێتەوە و واشنتۆن "ئیخوان" بە قاعیدە و داعشەوە دەبەستێتەوە
وێستگەنیوز-
ئیدارەی ئەمریکا، ستراتیژییەکی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆ ساڵی 2026 ڕاگەیاند، ئهم ستراتیژه نوێیه گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پێناسەی واشنتۆن بۆ هەڕەشە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت.
لەم ستراتیژییەدا، کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین، خراوەتە خانەی ئەوەی ناوی لێنراوە "ڕەگ و ڕیشەی تیرۆری ئیسلامی سیاسی هاوچەرخ" و بە ڕێکخراوەکانی وەک قاعیدە، داعش و حەماسەوە بەستراوەتەوە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا دەربارەی ستراتیژییە نوێیەکە ڕایگەیاند دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گرتەبەرێکی جیاواز لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەکان، پەیڕەو دەکات.
ئەمە لەسەر ئەو بنەمایەی كه ژمارەیەک لە گروپە جیهادییە هاوچەرخەکان، لە ڕووی فکرییەوە، لە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمینەوە سەرچاوەیان گرتووە.
ئاماژە بۆ ئهوهشكراوه ئیدارەی ئەمریکا، دەستی بە ڕێکارەکان کردووە بۆ ناساندنی هەندێک لە لقەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین، وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی.
لە بەیاننامەکەدا ئهوه ڕوونکراوەتەوە، بڕیارەکە لقەکانی کۆمەڵەکەی لە میسر، ئوردن و لوبنان گرتووەتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوەی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر ئەوەی ڕەنگە لە ماوەی داهاتوودا، ئەم هەنگاوە لقەکانی دیکەش بگرێتەوە، ههمو ئهوهش لە چوارچێوەی ئەوەیه كه واشنتۆن بە "ڕاوەدوونانی ژێرخانە پاڵپشتیکارەکانی توندڕەوی" ناوی بردووە.
ستراتیژە نوێکەی ئەمریکا، چەمکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو فراوانتر دەکات؛ چونکە تەنها لە سنووری ڕێکخراوە چەکدارییە تەقلیدییەکاندا نەماوهتەوە، بەڵکو تاقمە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان، کارتێلەکانی ماددەی هۆشبەر و کۆچی نایاسایی گرتووەتەوە، بە شێوەیەک کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئاسایشی سنوورەکان و هەڕەشە تیرۆریستییەکاندا دروست کراوە.
هەروەها ئەم بەڵگەنامەیە، ئەولەویەتێکی تایبەت دەدات بەوەی ئیدارەی ئەمریکا ناوی ناوە "هەڕەشەکانی نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەوی" بەتایبەت لە ئەمریکای لاتین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی بە "چەپی توندڕەوی توندوتیژ" وەسفی کردووە، خراوەتە لیستی مەترسییە ئەمنییەکانی بەردەم ویلایەتە یەکگرتووەکان.
لە لایەکی دیکەوە، ستراتیژییەکە باسی لە ئەوروپا کردووە، وەک یەکێک لەو گۆڕەپانانەی کە ڕێکخراوە توندڕەوەکان، لە ساڵانی ڕابردوودا سوودیان لێ بینیوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە لاوازیی چاودێری لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا، ڕێگەی داوە بە هەندێک گروپی توندڕەو، ژینگەیەکی گونجاو بۆ پلاندانان و جموجۆڵ بدۆزنەوە.
لهم بارهیهوه، سێباستیان گۆرکا، گەورە ڕاوێژکاری کۆشکی سپی، جەختی لهوه کردووهتەوە ستراتیژییە نوێیەکە، ئەو چوارچێوەیەیە کە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەمریکا، لە ساڵانی داهاتوودا لەسەری دەجوڵێنەوە، چ لە دیاریکردنی هەڕەشەکان و چ لە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکاندا.
هەروەها ناوبراو باس لهوه دهكات بەرپرسانی ئەمریکا، لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی كۆمهك و هاوکاری لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان، کۆدەبنەوە.
ئەمەش لە ژێر تیشکی ئاراستەی ئیدارەی ئەمریکا، بۆ فراوانکردنی مەودای ڕووبەڕووبوونەوە ئەمنییەکان لە دەرەوەی چەمکە تەقلیدییەکەی "جەنگی دژی تیرۆر".
PM:08:20:08/05/2026
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت