رێکارەکان و تێچووی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بڵاوکرایەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی ئایاری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وردەکاری و رێکارەکان و تێچووی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە.


هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هاوڵاتییان دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان مۆڵەتەکە بەدەستبهێنن".

ئاماژەی بەوەشکراوە، ئەو پێداویستییانەی دەبێت هاوڵاتییان بۆ دەرهێنانی مۆڵەتەکە لەگەڵ خۆیان بیهێنن بریتین لە:

- مۆڵەتی شۆفێری رەسەن کە کارا بێت و بەسەرنەچووبێت.
- پاسپۆرتی رەسەن کە کارا بێت و بەسەرنەچووبێت.
- دوو وێنەی رەنگاوڕەنگ.

هەروەها هاتووچۆی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، مۆڵەتی شۆفێری نێودەوڵەتی بە 3 شێواز و بەپێی ماوەی کارابوونی، بەم رسوماتیانەی خوارەوە دەدرێت بە شۆفێران:

- بۆ ماوەی 1 ساڵ: بڕی 60,000 دینار وەردەگیرێت.
- بۆ ماوەی 2 ساڵ: بڕی 110,000 دینار وەردەگیرێت.
- بۆ ماوەی 3 ساڵ: بڕی 160,000 دینار وەردەگیرێت.

دەشڵێت، "هاوڵاتییان دەتوانن بە شێوەیەکی خێرا مامەڵەکانیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک تەنیا لە ماوەی 30 خولەکدا مامەڵەکە رایی دەکرێت و مۆڵەتەکە دەدرێتەوە بە شۆفێر".


PM:12:02:03/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 1452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت