رێکخراوی چمک پێویستی هەنووکەیی ریفۆرمی میدیایی دووپات دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری بەیاننامەیەک بڵاودەکاتەوە و خوازیاریی ریفۆرمی میدیایی دەکات.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە، "لە ساڵڕۆژی جیهانیی ئازادیی دەربڕین (03ی ئایاری 2026)دا؛ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) دەنگی خۆی دەخاتەپاڵ هەوڵ و هەنگاوە نیشتیمانیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی وەک بنچینەیەکی سەرەکیی سیستەمی دیموکراسی".

چمک دەنوسێت، "هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کۆماری فیدراڵیی عێراق-دا؛ خاوەن چوارچێوەیەکی یاسایی دانپێدانراوە، بەڵام درز و کەلێنێکی دیار لەنێوان دەقی یاسا بەرکارەکان و ئاستی جێبەجێکردنی کردارییدا هەیە و بە زەقی هەستی پێدەکرێت. داتا بەدەستهاتووەکانی ڕێکخراوی چمک بۆ ساڵی ڕابردوو؛ بە ڕوونیی نیشانی دەدەن کە ئاستی ڕێگریی و پێشێلکارییەکان دژ بە ڕۆژنامەوانان بە شێوە و ناوەڕۆکی جیاواز درێژەیان هەیە و هێشتا هەر بەردەوامن. هاوکات ناوەڕۆکی میدیای کوردیی بەشێوەیەکی سیستەماتیک کەوتووەتە ژێر کاریگەریی هێز و هاوپەیمانە سیاسیی و ئابوورییەکان. واتە درزێکی گەورە لەنێوان پەروەردەی ئەکادیمیی و پێداویستییە پیشەییەکانی بازاڕی کار-دا هەیە و ژینگەی کارکردنی پیشەیی ڕۆژنامەوانان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانییدا نییە. لەو چوارچێوەیەدا، ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) گرنگی بە ڕیفۆرمی سیستەماتیکی میدیایی دەدات و پێشنیازەکانی خۆی لە دوو کۆڕبەندی نیشتیمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە ساڵانی 2025 و 2021دا بە ڕوون و ڕاشکاوی خستوونەتەڕوو، لەوانە:

1. بۆ دەسەڵاتی یاسادانان: هەڵسەنگاندنی سەربەخۆ و بەڵگەدار بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکانی کەرتی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان و هاوچەرخانە هەموارژردنەوەیان کە دیارترینیان یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی ڕۆژنامەگەریی و یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2013ی مافی بەدەستهێنانی زانیاری-یە. هاوکات درووستکردنی میکانیزمێکی ڕوونی چاودێریی سیستەماتیک بۆ بەرپرسیارێتییە پیشەییەکانی ڕۆژنامەوانان و ئاسانکاریی کرداریی بۆ باشتر دەستەبەرکردنی مافی دەستکەوتنی زانیاری.

2. بۆ دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن: ئازادکردنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی دەستبەسەرکراو بەهۆی دەربڕینی بۆچوون و کاری ڕۆژنامەگەری. هەروەها کۆتاییهێنان بە مامەڵەی نادرووست و نایاسایی دژ بە ماف و ئازادییە گشتیی و تایبەتەکان لەگەڵ دڵنیابوونەوە لە پاراستنی تەندروستی و مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیان، بەتایبەت ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی-دا هەیە.

3. بۆ دەسەڵاتی دادوەریی: مامەڵەکردنی دادپەروەرانەی دۆسییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی بەپێی یاسای تایبەتمەند، نەک یاسای گشتیی یان یاسای سزاکانی عێراق، ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو. هەروەها دابینکردنی دادبینیی دادوەرانەی پسپۆڕ و پیشەگەر لەگەڵ دامەزراندنی سیستەمی چاودێریی سەربەخۆ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگە و دادوەران.

4. بۆ دەزگە و دامەزراوە میدیاییەکان: پابەندبوون بە ستانداردە پیشەییەکانی ناوەڕۆکی میدیایی. هاوکات پاراستنی سەربەخۆیی کارکردنی پیشەیی بەدوور لە هەر گوشارێکی سیاسیی، ئابووریی، حزبیی بەرتەسک و گواستنەوە بۆ مۆدێلی خاوەندارێتیی میدیایی تایبەت بە خزمەتگوزاریی گشتی.

5. بۆ کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێکخراوەکانی: بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێریی، لێپرسینەوە و داکۆکیکردن. هەروەها هاوکاریی ستراتیژیی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و پشتگیریی لە دامەزراندنی ئەنجومەنێکی نیشتیمانیی بەرپرسیاری تایبەتمەند بە ڕێکخستنی پیشەیی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری".

ئاماژە بەوەش دەکات، "لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا؛ ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردیی درێژە بە پلان و پڕۆژە و پڕۆگرامە نیشتیمانییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی دەدات و ئێستا ئامادەکاریی بۆ «سێهەمین کۆڕبەندی نیشتیمانیی ڕیفۆرمی میدیایی» دەکات کە لە ڕۆژانی 6-7ی تەممووزی 2026 لە لەندەن بەڕێوەدەچێت. ئەوەیش بە ئامانجی دانانی نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی ڕیفۆرمی میدیایی کوردستان دەبێت کە ئەم خولەی کۆڕبەندەکەیش هەر پێنج لایەنی سەرەکیی: یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی، میدیا، کۆمەڵگەی مەدەنیی لەگفتوگۆیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەکادیمیی، ڕۆژنامەوان و توێژەرانی کوردیی و بیانیی کۆدەکاتەوە".

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "لەو سۆنگەیەوە و لەم ساڵڕۆژە جیهانییەدا؛ ئیتر کاتی گواستنەوەی ماف و ئازادیی دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییە لە درووشمی بریقەدارەوە بۆ کرداری بەرجەستەکراو، چوونکە میدیای نیشتیمانیی پیشەگەر پێویستی بە یاسای جێبەجێکراو، سیستەمی لێپرسینەوەی کاریگەر و ژینگەی پارێزراوتر لەوەی هەرێمی کوردستان هەیە. لەو نێوەندەیشدا؛ ئێمەیش وەک ڕێکخراوێکی نیشتیمانیی ناحکوومیی تۆمارکراو پابەندین بە درێژەدان بە هەماهەنگیی و هاوکاری نێوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە نیشتیمانییانە و سێهەمی کۆڕبەندی چمک لە لەندەن وەک هەوڵ و هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی بۆ بەدیهێنانی ئەم گۆڕانکارییە هەنووکەییانە دەبینین. لەساڵیادی ئەم بۆنە جیهانییەيشدا؛ وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم ئازادییخوازان، دووبارە داوای چاکسازیی بەپەلە و زوو یەکلاییکردنەوەی دۆسییەی بەندکراوانی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەین، چوونکە نە ئەوانەی بۆچوونە جیاوازەکانیان دەردەبڕن تاوانبارن، نە بەندیخانەیش شوێنی مانەوە و ژیانی سرووشتی ڕۆژنامەوان و ئازادییخوازانە".


AM:10:25:03/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت