تەرمی د. فاروق رەفیق لە سلێمانی بەخاک سپێردرا


وێستگەنیوز-

نووسەر و رووناکبیری کورد د. فاروق رەفیق رۆژی سێشەممە لە ماڵەکەی لە هەولێر کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی نیسان لە گۆڕستانی گردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردرا.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی د. فاروق رەفیق گەیشتە سلێمانی و لەلایەن ژمارەیەک نوسەران و رۆشنبیران و هونەرمەندان و رۆژنامەنوسانی سلێمانی  پێشوازی لێکرا و دواتر بەئامادەبوونی کەسوکارەکەی و ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک لە گۆڕستانی سەیوان بەخاک سپێردرا.

فاروق رەفیق ناوی تەواوی فارووق رەفیق حەمە کەریمە، بیرمەند و توێژەرێکی دیاری بواری فەلسەفە و هزری سیاسی لە ساڵی 1961 شاری سلێمانی لەدایکبووە.

بەشێکی ژیانی لە تاراوگە و لە وڵاتی کەنەدا بەڕێکردووە، لەوێش سەرنجی ژیان و کارکردنی لەسەر فەلسەفە بووە و خاوەنی زیاتر لە 20 کتێبە لەبواری فەلسەفە و هزر ، بە نووسین و وەرگێڕان.

هەروەها ئەندامی دامەزرێنەر و دەستەی نووسەرانی گۆڤاری فکریی "ڕەهەند" بوو، سەرنووسەری ژۆرناڵی مەعریفی تیۆریی هزریی "ئاوەز" لە شاری هەولێر بوو، کە تاوەکو کاتی کۆچی دوایی ئەو، 6 ژمارەی لێ دەرچووە.

کتێبێکی دیکەی فاروق ڕەفیق بە ناونیشانی "فەلسەفەی زانست" لە قۆناغی ئامادەکردن بۆ چاپ-دا بوو و هاوکات کتێبێکی دیکەی ئەو نووسەرە لەژێر ناوی "هونەری ڕاڤەکردن" لە قۆناغی نووسین و ئامادەکردن بۆ چاپدا بوو.

خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفەدا کە لە یەکێک لە زانکۆکانی کەنەدا بەدەستی هێناوە، ئەو بۆ ماوەیەک لە کەنەدا ژیاوە و دواتر گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.

زیاتر وەک توێژەرێکی بواری فەلسەفەی مۆدێرن، لیبڕالیزم و چەمکە سیاسییەکان ناسراو بووە، هەروەها کاری میدیایی کردووە و سەرنووسەری گۆڤاری (ئاوەز) بووە، کە گۆڤارێکی تایبەتە بە فەلسەفە و زانست.

گرنگترین بەرهەمە چاپکراوەکانی:

- ئاشتکردنەوەی عەقڵ و عیشق: تایبەت بە پەروەردەی لیبڕاڵ و ئاکاری مەدەنی.

- هونەری فەلسەفە: وانەیەکی مێتافیزیکیانە.

- پاکس ئەمەریکانا: (سەردەمی هەیمەنەی ئەمەریکی).

- هونەری عیشق: (2010).

- وێستگەیەک لە گەشتێکی فەلسەفی: (2011).

رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی نووسەر و رووناکبیری کورد، د.فاروق رەفیق لەم لینکەدایە:


PM:02:33:29/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت