كه‌شناسی، پێشبینی باران و هه‌وره‌ تریشقه‌ لەناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەکات


وێستگەنیوز-

بە پێی پێشبینییەکانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ ئەگەری چەند تاوە بارانێکی بەهاری هەیە لەسەر ناوچەی جیا جیاكان و سبه‌ینێش لە چه‌ند ناوچه‌یه‌ك باران و هه‌وره‌ تریشقه‌ ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 26ی نیسان له‌ پارێزگای هەولێر ئاسمانی ساماڵە پاشان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت لە دوای نیوەڕۆ ئەگەری بارانبارین و هەورە تریشقە لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویەکان و ناوچە بەرزەکان هەیەبەتایبەت لە سنوری ئیدارەی سۆران بەشێوەی گەواڵە بارانی بەهاری، لە ئێوارەدا کەشەکە ئاسایی دەبێتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرده‌وه‌، له‌ پارێزگای سلێمانی ئاسمانی نیمچە هەورە لە دوای نیوەڕۆ هەور زیاد دەکات و ئەگەری چەند تاوە بارانێکی بەهاری هەیە لەسەر ناوچەی جیا جیا بە شێوەی بارانی کورت خایەن و هەندێكکات بارانی مامناوەند دەبێت و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، کاریگەری ئەو کەشە بەهاریە هەندێك ناوچە دەگرێتەوە، ئەگەری چەند تاوە بارانێکی بەهاری ناوچەی جیاجیای ئیدارەی گەرمیانیش بگرێتەوە لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ.

كه‌شناسی ده‌ڵێت، له‌ پارێزگای دهۆک ئاسمان بە گشتی لە ئێستادا لە سنوری ئەو پارێزگایە (کاتەکانی پێش نیوەڕۆ) نیمچە هەورە لە نیوەڕۆ هەندێ ناوچە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت ئەگەری بارانبارین و هەورە تریشقە هەیە بە تایبەت لەسەر ناوچە سنوریەکانی باکوری رۆژئاواو بەشێک لە ئیدارەی زاخۆ و بەشێک لە ناوچە شاخاویە بەرزەکانی ئەو دەڤەرە هەیە، کاریگەری ئەو کەشە بەهاریە تا کاتەکانی ئێوارە دەبێت.

بەپێی ئەو پێشبینییەی كه‌شناسی، له‌ پارێزگای هەڵەبجە ئاسمانی نیمچە هەور دەبێت لەدوای نیوەڕۆدا لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاویە بەرزەکان ئەگەری بارانبارین هەیە بەشێوەی گەواڵە بارانی بەهاری کورت خایەن لەگەڵ هەورە تریشقە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی رونیكردوه‌ته‌وه‌، سبه‌ی دوشه‌ممه‌ لە کاتەکانی بەرەبەیان لە بەشێک لەم ناوچانە سنوری پارێزگای هەولێر پیرمام شه‌قلاوە هەریر باران و هەورە تریشقەش دەبێت، پاشان کاریگەری درێژدەبێتەوە بۆ بەشێک لە ئیدارەی سۆران پاشان بۆ شارۆچکەی کۆیە تەقتەق پاشان بەشێک لە ئیدارەی راپەڕین و بەشێک لە پارێزگای که‌رکوک و ئیدارەی گەرمیان.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 28 پلەی سیلیزی

پیرمام: 23 پلەی سیلیزی

سۆران: 23 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران: 17 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 26 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی

دهۆک: 27 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 27 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 28 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی


AM:11:12:26/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت