سەرچاوە سورییەکان پەردە لەسەر کۆبوونەوەیەکی نھێنی نێوان مەزڵوم عەبدی و باڵیۆزی تورکیا لادەبەن
وێستگەنیوز-
ماڵپەڕی "ئهلعهرهبییه نێت و ئهلحهدهس نێت" پەردەیان لەسەر "دیداری لوتکە" لاداوە کە هەفتەی ڕابردوو، لە دیمەشق، لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" و نوح یهڵماز، باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق بەڕێوەچووه.
ئەو دیدارەی هاوکات بووه لەگەڵ سەردانە فەرمییەکەی عەبدی بۆ بینینی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا كه تێیدا چەندین مەلەفی ئاڵۆز تاوتوێكراون، لە سەرووی هەموویانەوە پرۆسەی ئاشتی کە ئەنقەرە لەگەڵ "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" بەڕێوەی دەبات، هەروەها لێکەوتەکانی هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر دۆخی سوریا.
بەپێی سەرچاوەکان، یهڵماز نەخشەڕێگایەکی ڕوونی خستووەتە بەردەم عەبدی، ئهم نهخشه رێگایه، جەخت لەسەر پێویستیی چوونە دەرەوەی کادیرەكانی پێشووی پارتی کرێکاران، لە خاکە سوریا دەکاتەوە، ئهمه وەک مەرجێکی سەرەکییه بۆ خێراکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی "هەسەدە" لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی حکومەتی سووریادا. گەورەترین سوپرایزیش بریتی بوو لەوەی باڵیۆزی تورکیا، بە عەبدی ڕاگەیاندووە- ئەنقەرە بۆ ماوەیەکی درێژ داوای سەری عهبدی دەکرد- ئەگەری ئهوه ههیه له ماوهی داهاتوودا، له پایتهختی توركیا پێشوازی لێبكرێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ کرانەوەیەکی بێوێنەی تورکیا بەرەو ڕێکخستنی قۆناغی گواستنەوە لە سوریای "پاش ئەسەد".
ئەم لێکنزیکبوونەوەیە کە حکومەتەکەی ئەحمەد ئەلشەرع سەرپەرشتی دەکات، ڕەنگدانەوەی خواستی هەر سێ لایەنەکەیە (دیمەشق، ئەنقەرە، هەسەدە) بۆ کۆتاییهێنان بە مەلەفی کورد بە گەرەنتیی ناوچەیی.
ههمو ئهمه لەکاتێکدایه "هەسەدە" هیچ ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە، ههر بۆیه چاودێران پێیانوایە دەرکەوتنی ئاشکرای عەبدی لە دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەیە، لە ڕێڕەوی گەڕاندنەوەی سەروەری سوریا و پاراستنی سنوورەکانی تورکیا و گۆڕینی "هەسەدە" لە گرووپێکی چەکدارەوە، بۆ بەشێکی شەرعی لە سیستەمی ئەمنیی دەوڵەتی نوێی سوریا.
PM:06:39:25/04/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت