وەزارەتی پەروەردە شێوازو رەنگی نوێی یەکپۆشی قوتابیانی راگەیاند
وێستگەنیوز-
بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی
پەروەردە گۆڕانکاری لە شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان دەکرێت و بە وتەی وەزیری پەروەردەش،
بڕیارەکە بۆ رێگریکردنە لە قۆرخکاری و سووککردنی بارگرانییە لەسەر شانی دایک و
باوکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی نیسانی
2026، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 شێواز و رەنگی جلوبەرگی قوتابیان
لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو قۆناخی 12ی ئامادەیی دەگۆڕدرێت. ئاماژەی بەوەش دا کە
ئەم راگەیاندنە پێشوەختەیە بۆ ئەوەی بازرگانان و ناوەندەکانی خوێندن کاتی پێویستیان
لەبەردەستدا بێت و هیچ زیانێکی داراییان بەرنەکەوێت.
وەزیری پەروەردە جەختی
کردەوە کە ئەم پڕۆسەیە بە هیچ جۆرێک قۆرخکاری تێدا نییە و هەر بازرگانێک دەتوانێت
بەپێی ئەو دیزاین و مواسەفاتانەی دیاریکراون، جلوبەرگەکان هاوردە بکات یان دروستیان
بکات. هەروەها راشیگەیاند، هیچ بەڕێوەبەرێکی قوتابخانە مافی ئەوەی نییە دایک و
باوکی قوتابی ئاراستە بکات بۆ کڕینی جلوبەرگ لە شوێن یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو،
بەڵکو دایک و باوک ئازادن لە هەر شوێنێک بیەوێت جلوبەرگەکە بۆ منداڵەکانیان دابین
بکەن.
سەبارەت بە پارچەکانی
جلوبەرگەکە، تەنیا 3 پارچە (پانتۆڵ، تیشێرتی قۆڵکورت و تیشێرتی قۆڵدرێژ) وەک یەکپۆشی
دیاریکراون. وەزارەتی پەروەردە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی لە
ناو پڕۆسەی یەکپۆشی دەرهێناوە.
رەنگەکان بە پێی قۆناخەکانی
خوێندن بەم شێوەیە دیاریکراون:
- باخچەی منداڵان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی.
- قۆناخی 1 تاوەکو 6ی بنەڕەتی: تیشێرتی مارۆنی و پانتۆڵ یان
تەنوورەی نیلی.
- قۆناخی 7 تاوەکو 9ی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان
تەنوورەی رەساسی.
- قۆناخی 10 تاوەکو 12ی ئامادەیی: تیشێرتی رەساسی و پانتۆڵ
یان تەنوورەی رەش.
AM:11:04:23/04/2026
ئهم بابهته 480
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت