قوباد تاڵه‌بانی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان: كاری زیاتر بكرێت بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان
وێستگه‌نیوز –
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان داوایكرد به فه‌رمی هێڵی گه‌شتی ئاسمانیی راسته‌وخۆ له‌نێوان سلێمانی و ئه‌سینادا بكرێته‌وه.
له به‌رده‌وامیی دیداره‌كانی له په‌راوێزی كۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی ئابووریی دێڵفی، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ یۆرگۆس یێراپێتریتیس، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یۆنان كۆبووه‌وه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی نووسینگه‌كه‌ی، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌و پێشكه‌وتنانه كرا كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان هاتووه‌ته ئاراوه و هه‌ردوولاش به گرنگیان زانی كاری زیاتر بكرێت بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له بواره‌كانی بازرگانی و گه‌شتوگوزار و خوێندنی باڵا و كشتوكاڵدا.
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌م چوارچێوه‌یه‌دا داوایكرد به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هێڵی گه‌شتی ئاسمانیی راسته‌وخۆ له‌نێوان سلێمانی و ئه‌سینادا بكرێته‌وه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له جه‌نگی ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران كرا كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئابووریی ناوچه‌كه و زۆر له وڵاتانی جیهان داناوه و ئاسایشی وزه‌ی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه و كێشه‌ی بۆ هه‌نارده‌كردنی وزه دروست كردووه. هه‌ردوولا داوایانكرد ئه‌مریكا و ئێران قۆناغی ئاگربه‌ست وه‌ك ده‌رفه‌تێك به‌كاربهێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێی گفتوگۆوه كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به گرنگییه‌وه ئاماژه به به‌ڕێوه‌چوونی سه‌ركه‌وتووانه‌ی كۆڕبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی ئابووریی دێڵفی له سلێمانی كرا له ساڵی رابردوودا و به پێویست زانرا كاری هاوبه‌ش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م كۆڕبه‌نده له سلێمانی به‌رده‌وام بێت.
PM:08:06:22/04/2026
ئه‌م بابه‌ته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت