بافڵ تاڵەبانی: جەخت لە ئازادیی رادەربڕین و پاراستنی شکۆی رۆژنامەنووسان دەکەینەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، 128 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی، لە ساڵی 1898 یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی رۆژنامەی (كوردستان) لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە، لە قاهیرە پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بەبۆنەی تێپەڕبوونی 128 ساڵ بەسەر دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆژنامەنووسان دەکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "جەخت لە ئازادیی رادەربڕین و پاراستنی شکۆی رۆژنامەنووسان دەکەینەوە و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەباری کارکردن بۆ ئەو قەڵەمانەی بە بەرپرسیارێتی و راستگۆییەوە کاردەکەن بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین".
بافڵ تاڵەبانی وتی، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە شانازییەوە میراتگری رێبازی سەرۆک مام جەلالە کە داکۆکیکارێکی سەرسەختی رۆژنامەوانی ئازاد بووە، بۆیە لای ئێمە پاراستنی ئەو ئازادییە وەفادارییە بۆ ئەو رێبازەی کە لەسەری دەڕۆین".
وتیشی، "لەم رۆژەدا، بە رێزەوە لە ماندوبوون و شەونخونی هەموو ئەو رۆژنامەنووسانە دەڕوانین کە لە چوارچێوەی بنەما چەسپاوەکانی پیشەکەیان کارەکانیان بە ئەمانەتەوە رایی دەکەن".
AM:10:45:22/04/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت