مەسرور بارزانی: داوا لە راگەیاندنکاران دەکەم لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی راگەیاندندا بن


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵیادی دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.


مەسرور بارزانی رایگەیاند، "بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم".

ئاماژەی بەوەکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ راگەیاندنکاران".

مەسرور بارزانی وتی، "داوا لە راگەیاندنکاران دەکەم لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی راگەیاندندا بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، كاری خۆیان ئەنجام بدەن و یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و رۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگێڕن".


AM:10:32:22/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت