نێچیرڤان بارزانی: جەخت لە پاراستنی ئازادیی رۆژنامەگەری دەکەینەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی نیسانی 2026، 128 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی، لە ساڵی 1898 یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی رۆژنامەی (كوردستان) لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە، لە قاهیرە پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
ئاماژەی بەوەکرد، "لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکەینەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگهیهکی مهدهنیی پێشکەوتوو".
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، "بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات".
ئاماژەی بەوەشدا، "ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم بەوپهڕی ڕاستگۆیی و پیشەگهرانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یهکترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و برهو به گیانی نیشتمانپهروهری و خۆشهویستیی وڵات بدهن، سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد".
AM:10:10:22/04/2026
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت