وەزارەتی شارەوانی: ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی فەرمانبەر زەوی وەردەگرن


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، تا ئێستا نزیکەی 100 هەزار مووچەخۆر زەوییان وەرگرتووە و هەوڵدەدرێت ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران زەوی وەربگرن.

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وتووە، "لە هەرێمی کوردستان 500 هەزار مووچەخۆر ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگرتنی زەوی هەیە و پڕۆسەی وردبینی بۆ زۆربەیان تەواو بووە، بۆیە ناوەکان ڕەوانەی شارەوانییەکان کراون تا دەست بە دابەشکردنی زەوی بکرێت."

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەکە کاتی پێویستە چونکە پەیوەستە بە وەزارەتەکانی دارایی، کشتوکاڵ و فەرمانگەکانی تاپۆ بۆ ئامادەکردنی زەوییەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ سەرجەم یەکە ئیدارییەکان کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە خێراتر بکرێت و هەر گرفتێک لە هەر شوێنێک هەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست، سەربەست مەولود وتی، "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران فەرمانبەرانی گرێبەستیش زەوی وەردەگرن، لە ئێستاشدا داوا لە وەزارەتەکان کراوە لیستی ناوەکانیان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی دوای وردبینی، بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەوانیشدا بکرێت."


PM:01:54:20/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو