چەپه‌كانی کوردستان: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی نییە


وێستگەنیوز-

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی پەنابەرانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان دەکات، داواش لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی وڵات و گیانی هاوڵاتییان جێبەجێ بکەن.

لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، "ئەم دەستدرێژییانە کە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاوڵاتییانی سڤیل، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن".

دەقی یاداشتنامه‌كه‌:
یاداشتنامه‌ی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

بۆ / ڕای گشتیی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان
دەبێ دەستدرێژی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ڕابوەستێ

لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەیی، پابەندی خۆی بە لێکتێگەیشتن و ئاگربەست لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان ڕادەگەیەنێت، کەچی بەردەوامە لە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

ئەم دەستدرێژییانە کە بوونەتە هۆی شەهید و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل، پێشێلکارییەکی زەق و ئاشکرای سەروەریی خاکی عێراق و بنەماکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانن.

هەرێمی کوردستان نەک هەر نەبووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆماری ئیسلامی، بەڵکو هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەم پەلامارانە هیچ پاساوێکی یاساییان نییە و تەنها لە چوارچێوەی هەناردەکردنی قەیرانە ناوخۆیییەکان و تێکدانی ئاشتی پۆلێن دەکرێن، هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی فەرمی بێلایەنی خۆی ڕاگەیاندووە.

لەم سۆنگەیەوە، ئێمە وەک لایەنە چەپەکانی کوردستان جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:

1-داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان(UN) دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵبستن و فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم هێرشانە و پاراستنی کەمپەکانی پەنابەران وەک ناوچەی بێبەری لە ململانێ سەربازییەکان.

2-حکومەتی فیدراڵی عێراق، بەرپرسە لە پاراستنی ئاسمانی و خاکی وڵات؛ پێویستە بێدەنگیی بشکێنێت و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشەوە هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە.

3-بانگەواز لە هێز و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بە گیانی یەکڕیزیی نەتەوەیی و بە شێوازی شارستانی، دەنگی ناڕەزایەتی دژی ئەم پێشێلکارییانە بەرز بکەنەوە و ڕێگری بکەن لەوەی خاکی هەرێم بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان.

لیژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستان:
-حزبی شیوعیی کوردستان
-بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
-حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان


AM:09:54:19/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو