قوباد تاڵەبانی: لەئێستادا هیچ بەرنامەیەکمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیدا نییە


وێستگەنیوز-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت پشت بە سەنگ و پێگەی سیاسیی خۆی دەبەستێت، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ئێستاشدا هیچ بەرنامەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئارادا نییە.


ئەمڕۆ شەممە 18ی نیسانی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەک نییە بەمزووانە کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی بکرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێتی خاوەنی سەنگ، هێز، مێژوو، خاک، کاریگەریی سیاسی، دەنگدەر و هاوپەیمانێتییە، ئەمانە دەبنە سەنگ و پێگەی یەکێتی لە هەر گفتوگۆیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ و داڕشتنی سیاسەتی هەرێمی کوردستان".

لە بارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە قوباد تاڵەبانی وتی، "ئێمە قسە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەن بۆ تێپەڕاندنی ململانێکان و سیاسەتی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی ئەوەیە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ئەو لایەنانە هەبێت کە لە پێناو گەشەسەندنی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن".

لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، "لەسەر نیاز و ئەگەر قسە ناکەین، بەڵام ئامادەین بۆ هەموو کارێک".

وتیشی، "ئامانجمان خزمەتکردنی میللەت، نەهێشتنی نادادپەروەری و هەبوونی حکومەتێکی کارا و نوێنەرایەتییەکی باشە لە پەرلەمان، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش هەموو دەرگاکان کراوەن و یەکێتی هیچ بژاردەیەکی رەتنەکردووەتەوە".


PM:04:26:18/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو