تۆم باراک: سووریا لە کاتی هاتنی ئه‌حمه‌د شەرعەوە یەک فیشەکی بە ڕووی ئیسرائیلدا نەتەقاندووە


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 17ی نیسانی 2026، تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، ڕایگەیاند بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نە بایەخ بە سنوورەکان دەدات و نە بە هێڵەکان و دیمەشقیش بە "دانایی" ڕەفتاری کردووە کە نەچووەتە ناو ململانێکەوە.

تۆم باراك له‌یه‌ك كاتدا نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مریكایه‌ بۆ سوریا و باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌، له‌ میانه‌ی به‌شداریكردنی له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی پێنجه‌مین خولی كۆڕبه‌ندی دیپلۆماسی ئه‌نتالیا 2026، له‌ وتارێكدا ئه‌و لێدوانانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی راگه‌یاند.

باراک له‌ وته‌كه‌یدا باسی له‌و وه‌رچه‌رخانانه‌ كرد كه‌ له‌ سوریا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ و ئاماژەی بەوەدا ئیدارەی ئەمریکا، له‌ سیاسه‌تیدا بەرامبەر به‌ دیمەشق، شێوازێكی جیاوازی گرتووه‌ته‌به‌ر، ئەویش لە ڕێگەی کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێمە پێچەوانەی ئەوەمان کرد کە لە ماوەی سەدەیەکدا دەکرا. دوێنێ و پێرێ، دوایین سەربازەکانمان لە دوایین بنکەمان، لە سووریا کێشایەوە، ئەمە کارێکی ناوازەیە".

ئاماژه‌ی به‌‌وه‌شدا: "دوایین یەکەکانمان لە دوایین بنکە کێشایەوە، لە دەوڵەتێکدا کە یەکێک بوو لە گرنگترین ئەو وڵاتانەی، داعش بۆ ساڵانێکی درێژ شەڕی تێدا ده‌كرد".

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، جەختی له‌وه‌ كردەوە سووریا، کە پێشتر بەدەست کێشە لەگەڵ کورد و درووزەکانەوە دەیناڵاند و نزیکایەتیی لەگەڵ ئێران هەبوو و لە دۆخی ململانێیەکی درێژخایەندا بوو لەگەڵ جیهان، ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە سەقامگیرترین ناوچەکانی ناوچەکە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نەبوونی هیچ ڕێککەوتنێک، سەرەڕای ئەوەی سووریا هیچ کارێکی سەربازیی دژی ئیسرائیل ئەنجام نەداوە، وتی: "لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024ەوە، سووریا بە سەرۆکایەتی سەرۆک ئەحمەد شەرع، یەک فیشەکی بە ڕووی ئیسرائیلدا نەتەقاندووە".

ئاماژەی بەوەش کرد شەرع چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئیسرائیل ناوێت و هەوڵی دوژمنایەتی نادەن.

هەروەها وتی: "نەتانیاهۆ دوای 7ی تشرینی یەکەمی 2023، رایگه‌یاند هەموو شتێک گۆڕاوە. ئەو نە بایەخ بە سنوورەکانی 1967 دەدات، نە 1974 و نە هێڵی 8ی کانوونی یەکەمی 2024".

لە ساڵی 1967ەوە، ئیسرائیل زۆربەی ڕووبەری بەرزاییەکانی جۆلانی سووریای داگیر کردووە و سوودی لە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024 وەرگرت و هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی جیاکردنەوەی هێزەکانی ڕاگەیاند و ناوچە دابڕێنراوەکەی سووریای داگیر کرد.

له‌م باره‌یه‌وه‌ نێردەی ئەمریکا ده‌ڵێت: "سووریا بە لۆژیکییانە ڕەفتاری کرد و تێوەنەگلا لە ململانێکەدا، بۆیە پێشێلکارییەکان بەردەوامن".

ئاماژەی بەوەش کرد سووریا چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان ڕاگەیاندووە و "بە داناییەوە ڕەفتاری کردووە، لە ڕێگەی نەگرتنەبەری هەڵوێستێکی دوژمنکارانە".

باراك له‌ وته‌كه‌یدا باس له‌وه‌ ده‌كات"ڕەنگە ئاساییکردنەوەی نێوان سووریا و ئیسرائیل، تەنانەت بكه‌وێته‌ پێش ئاساییکردنەوەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان".


PM:05:13:17/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت