بافڵ تاڵەبانی: ئەو چەک دزینەی سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات لە سلێمانی نەبووە


وێستگەنیوز-

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێرس مۆرگان، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دزینی چەک دەداتەوە لەلایەن کوردەوە و تێڕوانینی خۆی لەسەر ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران دەخاتەڕوو.


لە سەرەتای بەرنامەی "ئەنسێنسەرد"، پێرس مۆرگان ئاماژەی بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ کرد کە وتبووی ئەمریکا هەوڵی داوە ئێرانییەکان لە ڕێگەی ناردنی چەک بۆ کورد چەکدار بکات، بەڵام کوردەکان چەکەکانیان دزیوە، بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامدا رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەمەوە ئەو چەک دزینەی سەرۆکی ئەمریکا باسی دەکات لە سلێمانییەوە نەبووە، بەڵام ناتوانم بەناوی هیچ لایەنێکی دیکەوە قسە بکەم".

سەرۆکی یەکێتی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بەوە کرد، "کوردستان هەڵگری چیرۆکی دژبەیەکە، بە جۆرێک وڵاتە و وڵاتیش نییە، حکومەتی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا حکومەت نییە".

سەبارەت بە قسەکانی ترەمپیش وتی، ئەگەر دزیی وا کرابێت ئەوە "شەرمەزارییە"، چونکە بەکارهێنانی کورد وەک قەڵغان بیرۆکەیەکی خراپ بوو، بەڵام دزیی لە هاوپەیمانان بابەتێکی تەواو جیاوازە و بۆچوونى وایە لێکەوتەی دەبێت.

لەبارەی تێپەڕبوونی 6 هەفتە بەسەر جەنگە فراوانەکەدا، بافڵ تاڵەبانی وتی، "پێویستە ئارامگری هەبێت پێشنیازی کرد، ئەمریکا لە جیاتی سەرکەوتنی بچووک، هەوڵ بۆ ڕێککەوتنێکی گەورەتر بدات کە ڕەگ و ڕیشەی ململانێکان چارەسەر بکات، لەوانە پرسی فەڵەستین و لوبنان".

سەبارەت بەو سیناریۆیەی باس لەوە دەکات کە کوشتنی سەرکردەکان و ئایەتوڵڵاکان دەبێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی ئێران، بافڵ تاڵەبانی جەختی کردەوە کە باوەڕی بەو سیناریۆیە نییە.

سەرۆکی یەکێتی هۆشداری دا لەوەی کە تەنیا گوێ لەو ئێرانییانە بگرن کە لە ئەمریکا و تاراوگە دەژین، چونکە ڕەنگە زانیارییەکانیان بۆ دۆخی ئێستا گونجاو نەبێت، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمریکا هەواڵگری و هاوڕێی باشی لە ناوچەکە هەیە کە دەبێت گوێیان لێ بگرێت، هەروەها گەشبینی خۆی دەربڕی کە تیمێکی پاکستانی بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان دەچنە تاران و ڕایگەیاند، پێشکەوتنی باش لەسەر پرسە بچووکەکان بەدەست هاتووە".

تەواوی دەقى چاوپێکەوتنەکە:

پێرس مۆرگان: وەک لە سەرەتای بەرنامەکەدا وتم، سەرۆک هەفتەی ڕابردوو وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە دەڵێن خۆپێشاندان لە ئێران هەرگیز بەبێ چەک دەرفەتی سەرکەوتنی نەبووە. ئەو قسەی بۆ ترەی ینگست کرد لە فۆکس نیوز و وتی ئەمریکا هەوڵی دا ئێرانییەکان چەکدار بکات لە ڕێگەی ناردنی چەک بۆ کورد، بەڵام ئەوان دزییان. بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵمدا دەبێت. بەخێربێیتەوە بۆ ئەنسێنسەرد.

بافڵ تاڵەبانی: سوپاس، بەڕێز مۆرگان.

پێرس مۆرگان: ئایا تۆ ئەو چەکانەت برد؟

بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، لە ڕاستیدا من نەمدزیوە.

هەروەک دەزانیت، کوردستان هەڵگری چیرۆکی دژبەیەکە. ئێمە بەجۆرێک لە جۆرەکان وڵاتین و وڵاتیش نین.

ئێمە حکومەتێکمان هەیە، کە لە ڕاستیدا حکومەت نییە.

دەتوانم بۆت بسەلمێنم لەلایەنی سلێمانییەوە، هیچ کەس ئەو چەکانەی نەدزیوە و تۆ هاوڕێی پێویستت هەیە لە ئیدارەکەدا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوە.

من ناتوانم بەناوی لایەنی دیکەوە قسە بکەم.

پێرس مۆرگان: کەواتە بۆچوونی تۆ چی بوو لەسەر ئەوەی سەرۆک ترەمپ گوتی؟

بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر وا بێت، دڵنیام ئەو قسانە لە هیچ و خۆڕایی نەهاتوون، ئەوەی کراوە بە تەواوی شەرمەزارییە.

بابەتی پلانی بەکارهێنانی کورد وەک قەڵغانی هێرشەکان بیرۆکەیەکی خراپ بوو، بەڵام ئەوەش شتێکی تەواو جیاوازە کە دزیی لە هاوپەیمانەکانت بکەیت.

پێرس مۆرگان: ئایا هیچ لێکەوتەیەکی دەبێت؟

بافڵ تاڵەبانی: من ئەوەم ناوێت کە دزی لە بەڕێز ترەمپ بکەم، تۆ دەتەوێت؟

مۆرگان: نەخێر

بافڵ تاڵەبانی: بێگومان نەخێر.. نەخێر

پێشموایە لێکەوتەی دەبێت.

پێرس مۆرگان: سەبارەت بە جەنگە فراوانەکە، تێڕوانینی تۆ چییە و لەم قۆناغەی ئێستا بەچی گەیشتووین دوای شەش هەفتە؟

بافڵ تاڵەبانی: من تاوەکو ڕادەیەک کەمێک جیاواز سەیری ئەم قۆناغە دەکەم، بەڕێز مۆرگان.

بە بۆچوونی من ئەوەی پێویستە ئارامگرتنە بە پلەی یەکەم.

بەڵام بۆچونم وایە لەجیاتی سەرکەوتنێکی بچووک، دەکرێت دەرفەت بۆ سەرکەوتنێکی گەورەتر هەبێت، ئەگەر ئەمریکییەکان بەو شێوەیە بیربکەنەوە.

دونیابینیی بەڕێز ترەمپیش ئاماژەیەکی تێدایە بۆ هەندێک لەو شتانە.

بڕوام وایە ئەگەر سەرنجیان تەنها نەخستایەتە سەر ئەم ململانێ هەنووکەییە، بەڵکو سەرنج بخرایەتە سەر ئەو شتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەبنە هۆی ئەم ململانێیە و ئەم ململانێیە زیاتر ئاڵۆز دەکەن، ڕەنگە دەرفەتێک هەبووایە بۆ تێگەیشتنێکی گەورەتر و ڕێککەوتنێکی گەورەتر.

ڕێککەوتنێک سەبارەت بە فەڵەستینییەکان، بۆ نموونە ڕێککەوتنێک سەبارەت بەوەی کە ئێستا لە لوبنان ڕوودەدات.

بۆیە ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی بۆ ڕێککەوتنێکی گەورەتر بدایە، بێگومان کاتی زیاتری دەویست، بەڵام سەرکەوتنەکە ئێجگار گەورە دەبوو. گۆڕانکارییەکی گەورە دەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە دەبوو.

بڕوام وایە ئەنجامەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا زۆر لە بەرژەوەندیی کۆمارییەکاندا دەبن، ئەگەر ئارامگرییان هەبێت بۆ ئەوە.

ببوورە. ببوورە بەڕێز فەرموو.

پێرس مۆرگان: بەڵێ پێموایە پێویستی بە ئارامگرییەکی زۆر دەبێت.

ئەگەرچی بە تەواوی دڵنیا نیم کە دۆناڵد ترەمپ کەسێکی ئارامگربێت و ئەو ئارامگرییەی تێدابێت.

بافڵ تاڵەبانی: تێدەگەم

پێرس مۆرگان: هەروەها ئەوە تەواوی پابەندبوون و پارە و ئەو شتانەی دەوێت پەیوەست بە بیرۆکەی گۆڕینی ڕژێم، وتارێکی دوورودرێژ لە نیویۆرک تایمزدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەبوو کە وای خستووەتەڕوو بینیامین نەتانیاهوو سیناریۆیەکی داڕشتبوو کە ترەمپ بەتەواوی باوەڕی پێکردبوو، کە ئەگەر سەرکردایەتیی ئێران لەناوببات و ئایەتوڵڵا بکوژێت، ئەوە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕژێم، سوپای پاسداران لە بنەڕەتدا پارچە پارچە دەبێت و دواتر دەڕووخێت و خەڵک ڕادەپەڕێت و گۆڕینی ڕژێمی لێدەکەوێتەوە. ئایا هەرگیز ئەگەرێکی وا هەبووە؟ شتی وا شایەنی ڕوودانە، بۆچوونت چیە؟

بافڵ تاڵەبانی: راستگۆیانە بڵێم، بڕوام وانییە بەڕێز مۆرگان. هەڵمەتی هێرشە ئاسمانییەکان کاریگەریی پێچەوانەیان هەبووە. دەتوانیت لەگەڵ خەڵکی ئێران بدوێیت. ئێمە قسە دەکەین و پەیوەندیمان بە هەزاران کوردەوە کردووە. تەنانەت دەتوانن لە ڕێگەی ئامانجەکانەوە بڵێن کێ بۆردوومان دەکات. بەڕێز مۆرگان. ڕەنگە ئەمە شتێک بێت کە پێشتر نەتبیستبێت. هەر جارێک قوتابخانەیەک وێران دەکرێت، هەر جارێک زانکۆیەک وێران دەکرێت، هەر جارێک نەخۆشخانەیەک وێران دەکرێت، ئەوان دەزانن کە ئەمریکییەکان نین، تێناگەم چۆن تۆ ناتوانیت بە بۆردوومانکردن خەڵک وا لێ بکەیت تۆیان خۆشبوێت. من باوەڕ بەوە ناکەم. بڕوام وایە ئەوە تاکتیکێکی هەڵەیە و کاریگەرییەکی پێچەوانەشی دەبێت.

خەڵکمان بینیوە خۆپێشاندان دەکەن کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە. "خاتوون، تۆ شەش مانگ لەمەوبەر لێرە بوویت، خۆپێشاندانت دژی ڕژێم دەکرد. دەڵێن، ئێستا خۆپێشاندان بۆ ڕژێم ناکەین. ئێمە بۆ وڵاتەکەمان خۆپێشاندان دەکەین، بۆ خاکەکەمان" ئەوەش مایەی تێگەیشتنە. هەروەها پێموایە ئەو نموونەی کۆسۆڤۆ کە هێناتەوە، زۆر لە جێی خۆیدا بوو.

پێرس مۆرگان: بەڵێ، ئەمەم لە کۆسۆڤۆوە بینی. هەر بۆیە پێموایە کە نموونەیەکی گونجاوە.

بیر لەوە دەکەمەوە بۆ نموونە لە بەریتانیا چی ڕوودەدات ئەگەر بۆردمان بکرێین.

بافڵ تاڵەبانی: ڕێک وایە

پێرس مۆرگان: هەرچەندە لەو کاتەدا حکومەتەکەشمان لا ناپەسەند بێت، بەڵام خەڵکەکەمان هەر بۆ پشتگیریی وڵاتەکەیان یەکدەگرن.

بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ

پێرس مۆرگان: بڕوام وایە کاردانەوەیەکی سرووشتیی مرۆڤە

بافڵ تاڵەبانی: ڕێک ئەوەیە، کاردانەوەیەکی مرۆڤانەیە.

بە بۆچوونى من یەکێک لە مەترسییەکان گوێگرتنە لەو کەسانەی کە لە تاراوگە و کۆمەڵگەکانی پەنابەران دەژین.

کاتێک ئێمە لە بەریتانیا بووین، ئەوەندە دژی سەدام بووین، چی بەدەمماندا بهاتایە دەمان وت. ڕەنگە ئێرانییەکانی ئەمریکا خەڵکێکی نایاب و خوێندەوار بن، بەڵام لەوانەیە ئەوان کەسانی گونجاو نەبن بۆ ئەوەی ئێستا گوێیان لێبگیرێت.

ویلایەتە یەکگرتووەکان هەواڵگرییەکی زۆر باشی هەیە. هاوڕێی زۆر باشیان هەیە کە زۆر لێیانەوە نزیکن، ئەوانە ئەو کەسانەن کە دەبێت گوێیان لێ بگرن.

من ئێستا گەشبینم کە پاکستانییەکان بەمزووانە تیمێک دەنێرن بۆ تاران بۆ بەردەوامبوونی دانوستانەکان. ئەگەر ڕۆژێکیش شتەکان بە باشی نەڕۆیشت ئەمە واتای کۆتایی نییە.

بەڕێز مۆرگان، لەسەر زۆربەی پرسە بچووکەکان پێشکەوتن بەدی هاتووە. پێشکەوتنێکی زۆر بەدەست هاتووە.

من ئەمەم لە هەردوو لاوە بیستووە.

بۆیە بڕوام وایە ئەگەر دەرفەت بدرێت بەردەوام بن

ئەو وادەیەی ئاگربەست لەسەر بەرد نەنووسراوە و زۆر ئاسانە درێژ بکرێتەوە. هیوادارم خەڵک ژیرانە بیر بکەنەوە و تێبگەن کە ئەمە یەکێکە لەو ململانێیانەی کە بە توندوتیژی چارەسەر نابێت.

پێرس مۆرگان: زۆر زۆر سوپاس بافڵ تاڵەبانی

هەموو کات بەخێرهاتی بۆ بەرنامەکەم (ئەنسێنسەرد) بە تایبەتی، چونکە تۆ تاکە میوانیت کە بەردەوام پێم دەڵێیت "بەڕێز" مۆرگان، زۆر بەرز دەینرخێنم.

کەواتە بەڕێز تاڵەبانی، سوپاس.

بافڵ تاڵەبانی: زۆر زۆر سوپاس، بەڕێز مۆرگان.






PM:11:27:16/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت