مەسعود بارزانی: لەگەڵ ئەوەدا نین یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركوك و چارەنووسی كەركوكییەكان بكرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی رووسیا وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبوو و ڕاشیگەیاند، "رووسیا بایەخێكی زۆر بە پێگە و كاریگەریی مەسعود بارزانی دەدات و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت".
هەروەها ڕوانگەی وڵاتەكەی لەبارەی گۆڕانكاریی و رووداوەكانی ناوچەكە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا كە ڕووسیا خوازیارە بۆچوونی مەسعود بارزانی لەبارەی رووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بزانێت.
لای خۆیەوە مەسعود بارزانیش جەختی لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و رووسیا كردەوە، هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و رایگەیاند، "هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لەڕێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێت گرفتەكان لەڕێگەی دانوساندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن".
ئاماژەی بەوەکرد، "هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە ڕوون و ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بوونە".
لەبارەی پرسی پارێزگای كەركوكەوە مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردەوە، "ئێمە پێمانوایە كەركوك دەبێت ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داو".
ئەوەشی دووپات كردەوە، "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركوكییەكان بكرێت".
PM:05:20:16/04/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت