سەرۆکی پەرلەمان پێشنیازی یاسای "سەربازیی زۆرەملێ" لە عێراق دەخاتەڕوو
وێستگەنیوز-
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پێشنیازی یاسای "سەربازیی
زۆرەملێ" دەخاتە ڕوو. ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی "قووڵ"
لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا و ڕاوێژکردن لەگەڵ سەرۆکی کوتلە پەرلەمانییەکان
هاتووە.
بەگوێرەی بەیاننامەی
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان، حەلبوسی سەردانی بارەگای وەزارەتی بەرگری کردووە و لەگەڵ
فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندە سەربازییەکان
کۆبووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگەکانی بەردەم سوپا و پێویستییەکانی پەرەپێدانی
توانای سەربازی کراوە، بەتایبەت پرسی تەمەنی خۆبەخشان و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی
گونجاو بۆ ئەرکەکانیان.
لە بەیاننامەکەدا
هاتووە کە حەلبوسی یاسای سەربازیی زۆرەملێ وەک "پێویستییەکی ئەمنی و کۆمەڵایەتی"
دەبینێت کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی توانای مرۆیی سوپای عێراق و پەروەردەکردنی نەوەیەک
کە خاوەن دیسپلین و هەستی بەرپرسیارێتی بێت.
هەروەها هاتووە، ئەم
یاسایە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری
لەڕێگەی ڕێکخستنی وزەی گەنجان و دوورخستنەوەیان لە دیاردە نەرێنییەکان و بەهێزکردنی
گیانی نیشتمانپەروەری.
شایەنی باسە پرسی گەڕانەوەی
سەربازیی زۆرەملێ لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە چەندین جار خراوەتە بەرباس، بەڵام هیچ کام لەو
هەوڵانە نەگەیشتوونەتە ئەنجام. دیارترینیان لە ساڵی ٢٠١٦ و دواتریش لە ساڵی ٢٠٢١
بوو کە حکومەت پڕۆژەیاسای "خزمەتی ئاڵا"ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد، بەڵام لە
ساڵی ٢٠٢٢ بەهۆی ناکۆکی سیاسی و تێچووی ئابووری، دەنگدانی لەسەر نەکرا و دواخرا.
PM:05:44:15/04/2026
ئهم بابهته 368
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت