ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک: رۆژی پێنجشەممە پارێزگاری نوێی هەڵدەبژێردرێت


‌وێستگەنیوز-

بەپێی نوسراوێکی فەرمی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سبەی پێنج شەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سازدەکرێت بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.

لەو نوسراوە فەرمییەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئیبراهیم حافز ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەنی کردووە داوای کۆبوونەوەیەکی نا ئاسایی ئەنجومەنی پارێزگار دەکات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ.

نوسراوەکە ئامانجی کۆبوونەوەکە بە سێ خاڵ دەخاتەڕوو کە سەرەتا بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات، دواتر گفتگوگۆ لەسەر دەستبەرداری پاڕیزگاری کەرکوک رێبوار تەها لە پۆستەکەی دەکرێت، دوا خاڵی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە هەڵبژاردنی پارێزگار نوێی کەرکوک لە بری رێبوار تەها.

ڕێبوار تەها لە ١٠ی ئابی ٢٠٢٤ لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگادا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.

ئەو دانیشتنە بەبێ بەشداری پێکهاتەی تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکان ئەنجامدرا، بەڵام دواتر لەلایەن لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقەوە مەرسوومی کۆماری بۆ دەرچوو.

لە لایەکی ترەوە نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك رایدەگەیەنێت، رێبوار تاها پارێزگاری كەركوك تا ئەم ساتەوەختە هیچ نووسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی پارێزگا نەكردوە.

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك لە راگەیەندراوێكدا كە بۆ وێستگەنیوزی راستكردەوە بڵاوی كردەوە، "سەبارەت بەو دەنگۆ و هەواڵانەی لەبارەی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری کەرکوك بڵاودەکرێنەوە، تا ئەم ساتە بەڕێز ڕێبوار تەها بە فەرمی پارێزگاری کەرکوکە و بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆی".

وتيشى، "بەڕێزیان پابەندی خۆی نیشانداوە بۆ جێبەجێكردنی هەر بڕیارێك كە لە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بۆ ئـاڵوگۆڕ لەم پۆستە درابێت، لەگەڵ ئـەوەی بەڕێزیان تا ئـەم ساتەوەختە هیچ نووسراوێكی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجومەنی پارێزگا نەكردوە".

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری كەركوك دووپاتیشیكردەوە، "دڵنیاییش دەدەینە هاوڵاتیانی خۆشەویستی شارەکەمان کە سەقامگیریی کەرکوك و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانە و کارەکانی بەڕێزیان بەردەوام دەبێت تا سپاردنی بەرپرسیارێتییەکە".


PM:04:38:15/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت