هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران: هەتا رووخانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کۆماری ئیسلامیی ئێران، جارێکی دیکە لە ڕێگەی هێرشی درۆنییەوە، سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانی پێشێل کرد و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە ئامانج گرتەوە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەم هێرشانە کە لە کاتی رێککەوتنی ئاگربەستدا کران، جارێکی دیکە پەردەی لە سەر نێوەرۆکی ڕاستەقینەی ڕێژیمێک لادا کە هیچ کات بڕوای بە ئاشتی و چارەسەری سیاسی نەبووە و سەرکوت، زەبروزەنگ و تێرۆر کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەیەتی. ئەم پەلامارانە نەک نیشانەی هێز نین، بەڵکو دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە رژێم لە ئاست ئیرادەی گەلەکەمان و ئەو بنبەستە سیاسی و نیزامییەی کەوتووە، تووشی شڵەژان و نائومێدی بووە".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "بەداخەوە، لە نوێترین شەپۆلی ئەم هێرشانە بۆ سەر کەمپەکانی "ئازادی”ی حزبی دێموکرات و "سورداش”ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، دوو پێشمەرگە بریندار بوون و "غەزاڵ مولان”، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، شەهید بوو".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "هاوپەیمانیی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت کە بە ئامانجگرتنی شوێنی ژیانی خەڵکی سڤیل و پەنابەران، پێشێلکردنێکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەروەها کۆنڤانسیۆنی ژنێڤە. هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکا، تەنیا بە مەحکومکردنی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە نەوەستن و هەنگاوی کردەیی بۆ ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بنێن کە هەم بێ ڕێزی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و هەرێمە و هەم بەهێندنەگرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
وەک ئاماژەی پێدراوە، "رێژیمی ئێران دەبێ بزانێت کە تێرۆر، تۆقاندن و درۆنباران، ناتوانێت ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانی سست بکات و ئەم هێرشانە یەکڕیزیی هێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ستەمکاری و داگیرکاری بەهێزتر دەکات".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان وێڕای نوێکردنەوەی بەڵێن لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری ڕادەگەیەنێت کە هەتا ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەمان، لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبێت".
PM:03:56:15/04/2026
ئهم بابهته 332
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت