شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئێمە سورین لەسەر بەڵێنی خۆمان و بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی گونجاوتردا دەست دەکەینەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی تر
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی نیسانی 2026، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دیسان بەرەو یادی ئەو تاوانە رەشە ئەڕۆین کە رژێمە کوردکوژ و مرۆڤکوژەکەی بەعس لە کوردستان ئەنجامی دا. دەیان و دەیان هەزار کەسی لە ئازیزانی ئێمەی لە بیابانە دوورەکانی باشوری عێراق گۆڕ غەریب کرد".
ئاماژەی بەوەکرد، "سوپاس بۆ خوا بە پشتیوانی و هاوکاری دۆستان و خەمخۆران لە ساڵانی رابردوو توانیمان روفاتی پیرۆزی بەشێک لە ئازیزانی ئەنفالکراومان لە غەریبی بگەڕێنینەوە بۆ کوردستان و تا ئەبەد بە سەربەرزی و شکۆوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمانیان بسپێرین".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەوەشی وتوە، "ئەمساڵیش لە هەوڵی ئەوەدا بووین روفاتی پیرۆزی 153 ژن و منداڵی تر بگەڕێنینەوە و لە زێدی خۆیان بە خاکیان بسپێرین، بەڵام بەداخەوە بە هۆی بەرپابوونی شەڕ لە ناوچەکە و ئەو دۆخە دژوارەی رووی لە عێراق و هەرێم کرد نەمانتوانی لە کاتی خۆیدا ئەو ئەرکە کوردانەیە راپەڕێنین".
باسی لەوەشکرد، "هەڵبەت ئێمە سورین لەسەر بەڵێنی خۆمان و بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی گونجاوتردا دەست دەکەینەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی تر تا دوا کاروانی شەهیدانی غوربەت دێنەوە وڵات، جارێکی تر هەزاران سڵاو بۆ رۆحی نەمری شەهیدانی ئەنفالکراو و هەزاران سڵاویش بۆ کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرم".
PM:01:58:14/04/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت