بافڵ تاڵەبانی بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق پەیامێک بڵاودەکاتەوە
وێستگەنیوز-
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستان، بەبۆنەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بە سەرۆك كۆماری عیراق، پەیامێكی ڤیدیۆیی
بڵاوكردەوەو رایگەیاند: نزار ئامێدی خوێندكاری سەرۆك مام جەلالەو بەسیاسەتی مام
خزمەتی عێراق دەكات.
لەپەیامەكەیدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: سەرەتا سوپاسی
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق و خانمی یەكەم دەكەم بۆ خزمەتەكانیان بەگەلی
عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد: نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، خوێندكاری
سەرۆك مام جەلالەو بەسیاسەتی مام بەبێ جیاوازی خزمەتی عێراق دەكات، وتیشی: پیرۆزبایتان لێدەكەم جەنابی سەرۆك كۆمار.
وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێن بەسەرجەم هاوڵاتیانی
عێراق دەدات كە دەستوور دەپارێزین و دڵنیاییتان دەدەینێ كە سەرۆك كۆمار لەگەڵ حكومەت
و هاووڵاتیانی عیراق كار بۆ ئایندەیەكی گەشتر بۆ عیراق دەكات.
ئاماژەی بەوەشكرد: جەنابی سەرۆك، خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ یەكێك
لە خوێندكارەكانی سەرۆك مام جەلال لە پۆستەكەیدا دەبینم، بە پەرۆشەوە كاردەكەین بۆ
درێژەدان بەڕێبازی سەرۆك مام جەلال و تەواوكردنی بەرنامەكەی بۆ عیراق، لەگەڵ هەموو
پێكهاتەكانی گەلی عیراق كاردەكەین و بەبێ جیاوازی خزمەتگوزاریان پێشكەش دەكەین.
سەرۆكی یەكێتی وتیشی: سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەكەم كە
بەشداریان لەم پڕۆسەی دیموكراسییەدا كردو ئێمە سەلماندمان كە عیراق لە ژێر رۆشنایی
هەلومەرجی ئێستادا دەتوانێت بڕیاری گرنگ بدات. ئێمە سوپاسی ئەو متمانەیەتان دەكەین
كە بە كاندیدەكەمانتان بەخشیوە، باش دەزانن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕوای بە
عێراقێكی یەكگرتوو و سەربەخۆ هەیە، ئێمەش هەرگیز لە هیچ قۆناغێكدا بەجێتان ناهێڵین.
PM:11:51:12/04/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت